رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، یەپەگە گەورەترین بەربەستە لەبەردەم ئاسایش و سەقامگیریی سووریا. ئاماژە بەوەش دەکات، تاوەکو ئەو هێزە "چەکی بەدەستەوە بێت، ئاسایشمان پارێزراو نابێت."
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 17ی کانوونی دووەمی 2025 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی لە هەشتەمین کۆنگرەی لقی رێکخستنەکانی پارتەکەی لە پارێزگای قەیسەری تورکیا گوتارێکی پێشکێش کرد.
ئەردۆغان بەشێکی گوتارەکەی لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی سووریا و نیگەرانییەکانی تورکیا لە بەرامبەر هێزەکانی سووریای دیموکرات تەرخان کرد و گوتی، "وەکو تورکیا، ئامانجمان لە سووریا لەنێوبردنی سەرجەم رێکخراوەکانی تیرۆرە، ئینجا بە ئاسانی بێت یان بە هێز. بەم شێوەیە ئاسایشمان پارێزراو دەبێت؛ هاوکات یەکپارچەیی خاک و یەکگرتوویی سیاسی و بەربەستە نێوخۆییەکانی بەردەم ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیی سووریای دراوسێشمان دەپارێزین. تاوەکو رێکخراوی تیرۆریستی جوداخواز چەکی بەدەستەوە بێت، ئاسایشمان پارێزراو نابێت."
لەبارەی یەکینەکانی پاراستنی گەل - یەپەگە، سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، یەپەگە کە سێ لەسەر یەکی خاک و بەشێکی زۆری سامانە سرووشتییەکانی سووریای لەژێر کۆنترۆڵدایە، "گەورەترین بەربەستە لەبەردەم ئاسایش و سەقامگیریی سووریا."
بە گوتەی ئەردۆغان، بە گۆڕانی هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان، "ئەو رۆڵەی بە یەپەگە درا لە چوارچێوەی سیناریۆ داڕێژراوە گەورەکانیان، کاریگەرییەکەی کۆتاییهات."
یەپەگە کاریگەرترین هێزی نێو هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)یە و تورکیاش پێیوایە لقی رۆژئاوای کوردستان و سووریای پەکەکەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ