ئەردۆغان بۆ پەکەکە: دەستبەرداری چەک بن و وەکو پارتێکی راستەقینەی تورکیا مامەڵە بکەن

17-01-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا لە بابەتی پرۆسەی چارەسەریدا پەیامێک بۆ پەکەکە دەنێرێت و دەڵێت، "ئەگەر رێکخراو دەستبەرداری چەک بێت، رێکخستنەکانی هەڵبوەشێنێتەوە و کۆتاییان پێبهێنێت، لە پێکهاتەی سیاسیدا وەکو پارتێکی راستەقینەی تورکیا مامەڵە بکات، 85 ملیۆن هاووڵاتی سوودمەند دەبن."
 
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 17ی کانوونی دووەمی 2025 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی لە هەشتەمین کۆنگرەی لقی رێکخستنەکانی پارتەکەی لە پارێزگای قەیسەری تورکیا بەشداریی کرد و گوتارێکی پێشکێش کرد.
 
سەرۆککۆماری تورکیا باسی لە پرۆسەی چارەسەری کرد و رایگەیاند، "بۆ لەنێوبردنی تیرۆر لە زیاتر لە 40 ساڵی رابردوودا زیانی گیانی و مادیی زۆر قورسمان بەرکەوتووە. هەنگاوی گەورە و پێویست دەگرینەبەر. ئەو دەستپێشخەرییەی بەڕێز دەوڵەت باخچەلیی هاوبەشمان لە هاوپەیمانیی جمهوور گرتیەبەر، لە دوو هەفتەی رابردوودا هەنگاوی بەرچاوی بۆ نرا. لە پەرلەمان سازان و لێکتێگەیشتنی زۆر فراوان بەدیکراوە."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەردۆغان باسی لەوە کرد، "دەمەوێ گەل ئەمە زۆر باش بزانێت. هەر هەنگاوێک بنێین، گومان لەوەدا نییە هەستیارییەکانی کەسوکاری شەهیدەکانمان و سەربازە قارەمانە نیڤشکانەکانی سەنگەر لەبەرچاو دەگرین. هاوپەیمانیی جمهوور ئامانجێکی هەیە، ئەویش ئەوەیە لاپەڕەکانی ئەو یادەوەرییە پڕ لە ئازارە بسڕینەوە، نەهامەتیی 40 ساڵی رابردووی دەست تیرۆر بۆ هەمیشە دابخەین، تورکیایەکی بێ تیرۆر بنیات بنێین. هەموو هەوڵەکانمان تەنیا بۆ ئەمەیە. جگە لەوە هیچ ئامانج، نیاز، مەبەست و مامەڵەیەکی نهێنی و شاراوەمان نییە. بە پشتیوانیی ئێوەش، سوورین لەوەی ئەم ئامانجە زوو یان درەنگ بەجێ بگەیێنین."
 
بە گوتەی ئەردۆغان، لەو نێوەندەدا "هەواڵی نادروست و زانیاریی چەواشەکارانە زۆر بڵاوکراونەتەوە و ئامانج لێیان شکستهێنانە بەم پرۆسەیە." دەشڵێت، "ئەم جۆرە هەواڵ، روونکردنەوە و لێدوانانە نیازپاکییان بەدواوە نییە، بەڵکو پیلانگێڕییە. ئەوانە نایانەوێت دیواری تیرۆر بڕووخێت، بەڵکو دەیانەوێت درێژە بەم دۆخە بدرێت. ئێمە باش خاوەنەکان دەناسین و جۆری پیلانەکانیان دەزانین. پشت بە خودا ناکەوینە نێو بۆسەکانیانەوە."
 
سەرۆککۆماری تورکیا پەیامێکی ئاراستەی پەکەکە کرد و گوتی، "ئەگەر رێکخراو دەستبەرداری چەک بێت، رێکخستنەکانی هەڵبووەشێنێتەوە و کۆتاییان پێ بهێنێت، لە پێکهاتەی سیاسیدا وەک پارتێکی راستەقینەی تورکیا مامەڵە بکات، 85 ملیۆن هاووڵاتی قازانج و سوودمەند دەبن. بەڵام ئەگەر پێچەوانەی ئەوە بکەن، گوێ لە بانگەوازەکەمان نەگرن و وەکو چەندین ساڵ بەردەوام بن لە رۆڵی بکوژی بەکرێگیراو بۆ ئیمپریالیزمەکان، ئەوا هاوشێوەی سەرجەم رێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکە تاوەکو لەناوبردنی دوایین چەکداریان بەردەوام دەبین لە ئۆپەراسیۆنەکانمان. ئەو توانا و ویستەمان هەیە."
 
سەرۆککۆماری تورکیا ئەوەشی خستەڕوو، لە روانگەی ئەوانەوە ئەو بابەتە پەیوەندیی بە کات و پلانەوە هەیە، "پێشتر کردوومانە و ئەمجارەش لە دووبارەکردنەوەی سڵ ناکەینەوە. هێزی دەوڵەت ئێستا لە جودی، گابار، توندورەک و دۆڵی بەستەلەردایە. شوێنێک نییە ئێمەی تێیدا نەبین. هەمووان بینیان تورکیای ئێستا تورکیای رابردوو نییە، بۆیە دەبێ قبووڵی بکەن و ئەوەی لێیان داواکراوە جێبەجێی بکەن. بە واتایەکی دیکە، یان خۆویستانە واز لە چەکەکانیان دەهێنن یان بە هێز وازی لێ دەهێنن و دەستبەرداری دەبن. لە 100 ساڵی نوێی تورکیادا بۆیان دەسەلمێنین تورکیایەکی بێ تیرۆر بنیات دەنێین."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی ئاگرکوژێنەوەیەک لەکاتێکدا هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکە دەدات، وێنە: AA

لە بورسە هۆتێلێک گڕدەگرێت

ئاگر لە هۆتێلێکی ناوچەی ئوڵوداغی پارێزگای بورسە کەوتەوە و هەوڵی کۆنترۆڵکردنی بەردەوامە. سەرۆکی گەورەشارەوانیی بورسە دەڵێت کەسێک گیانی لەدەستداوە.