رووداو دیجیتاڵ
لە دانیشتنی نائاسایی پەرلەمانی تورکیا لەبارەی بڕیاردان لە چارەنووسی مافی پەرلەمانتاری ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی کرێکاری تورکیا، شەڕە بۆکس روویدا. خانمە پەرلەمانتارێکی دەم پارتیش لەلایەن پەرلەمانتارێکی ئاکپارتییەوە بریندار کرا.
لەسەر بانگهێشتی هەریەک لە فراکسیۆنەکانی جەهەپە، دەم پارتی و پارتی کرێکاری تورکیا، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 16ـی ئابی 2024، دانیشتنی نائاسایی سەبارەت بە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری لێسەندنەوەی متمانە لە جان ئاتاڵای، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی کرێکاری تورکیا بەڕێوەچوو.
لەو دانیشتنە نائاساییەدا بەکر بۆزداغ، یاریدەدەری سەرۆکی پەرلەمان لە فراکسیۆنی ئاکپارتی سەرۆکایەتیی دانیشتنەکەی کرد. سەرەتا هەردوو فراکسیۆنی دەم پارتی و پارتی دێڤا گوتاریان پێشکێش کرد و داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەیان کرد.
ئەحمەد شیک، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی کرێکاری تورکیا TIP بە ئەندامانی فراکسیۆنی ئاکپارتی گوت: "زۆر بە کورتی دەڵێم؛ ئێوە نە شەرمتان هەیە، نە ئابڕوو، بێ ویژدانن. بە ناوی ئاین خۆتان بەسەر هەموواندا زاڵ کردووە. دزی و گەندەڵی دەکەن، ئەوەی وەک ئێوە بیر نەکاتەوە بە تیرۆریست و ناپاکی دەزانن. پیشەی هەمیشەییتان پێشێلکردنی یاسا و دەستوورە. بەردەوام باس لە خواپەرستی و نیشتمانپەروەری دەکەن، بەڵام لە پشت پەردە هەرچی ناپاکی هەیە دەیکەن".
بەهۆی گوتەکانی شیکەوە، گرژی باڵی بەسەر هۆڵەکەدا کێشا و پەرلەمانتارانی ئاکپارتی سووکایەتییان بە ئەحمەد شیک کرد. ئاڵپای ئۆزئاڵان، پەرلەمانتاری ئاکپارتی پەلاماری ئەحمەد شیک-یدا و بە بۆکس لێی دا. پەرلەمانتارانیش ویستیان ناوبژی بکەن، لە قەرەباڵخییەکەدا ئاڵپای ئۆزئاڵان، هێرشی کردە سەر گوڵستان کۆچ ئیگیت، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی و برینداری کرد.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە لە لە تۆڕی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "پەرلەمان شوێنی گفتوگۆکردنە نەک شەڕانگێزی و مشتەکۆڵە. شەڕە بۆکس کارێکی قێزەونە و ناشارستانییە. پەلاماردانی خانمە پەرلەمانتارێک ئەوپەڕی بێڕێزییە و مایەی شەرمە. ئەگەر پەرلەمانتار بەمشێوەیە رەفتار بکات، دەبێ هاووڵاتیی چی بکات؟".
جان ئاتاڵای، چالاکڤان و پارێزەری بەناوبانگی تورکیایە، لە زۆربەی ئەو کەیسانەی پەیوەندیی بە رای گشتیی هەبووە وەک رووداوەکانی گەزی پارک و کانی خەلووزی سۆما، سووتانی بەشە ناوخۆیی قوتابیانی ئادانا خۆبەخشانە پارێزەر بووە. ساڵی 2022 بەتۆمەتی پاڵپشتیکردن لە رووداوەکانی پارکی گەزی و هاندانی خەڵک لە دژی دەوڵەت و حکومەت، بە 18 ساڵ بەندکردن سزادرا.
دادگەی دەستووری تورکیا، بڕیارەکەی هەڵوەشاندەوە و بە پێچەوانەی یاساکان ناوی برد و داوای ئازادکردنی کرد، بەڵام ئازاد نەکرا. لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا لە 14ی ئایاری 2023دا بە پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی کرێکاری تورکیا لە بازنەی هاتای هەڵبژێردرا. ئەمجارەیان ئەنجوومەنی دادی تورکیا دۆسیەی تاوانی پێشکێشی پەرلەمان کرد. بە زۆرینەی دەنگی هەردوو فراکسیۆنی ئاکپارتی و مەهەپە، متمانەی لێسەندرایەوە. بەڵام دادگەی دەستووری تورکیا، بڕیارەکەی هەڵوەشاندەوە و رایگەیاند، کارێکی نادەستوورییە.
بۆ ئازادکردن و هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری لێسەندنەوەی متمانە لە جان ئاتاڵای، فراکسیۆنەکانی جەهەپە، دەم پارتی و پارتی کرێکاری تورکیا داوای دانیشتنی نائاساییان لە پەرلەمان کرد، بەهۆی ئەوەی پەرلەمان تاوەکو مانگی تشرینی یەکەم پشووە. سەرۆکایەتی پەرلەمانیش ئەمڕۆی دەستنیشانکرد بۆ ئەنجامدانی دانیشتنە نائاساییەکە، بەڵام بەهۆی گرژییەکانەوە دانیشتنەکەی پەرلەمان راگیرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ