رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە ماوەی ساڵێکدا 103 هەزار کۆچبەر و پەناخوازی سووریایی نیشتەجێبووی تورکیا لەسەر خواستی خۆیان گەڕاونەتەوە سووریا، بەڵام بەشێک لەو کۆچبەرانە دەڵێن بە زۆر گەڕێندراونەتەوە.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند راپۆرتی چالاکیی یەک ساڵەی وەزارەتی ناوخۆی تورکیای بۆ رۆژنامەڤانانی وڵاتەکەی خستەڕوو، کە بەشێکی تایبەت بوو بە ئاماری کۆچبەران و پەناخوازانی سووریایی.
یەرلیکایا، گوتی لە ساڵێکدا 103 هەزار و 45 کۆچبەر و پەناخوازی سووریایی نیشتەجێبی تورکیا و باکووری کوردستان، بە ویستی خۆیان گەڕانەوە سووریا.
هەروەها راشیگەیاند لە ساڵانی نێوان 2016-2024ـدا ژمارەی ئەو کۆچبەر و پەناخوازە سووریاییانەی بە ویستی خۆیان گەڕاونەتەوە سووریا، گەیشتە 658 هەزار و 463 کەس.
لەبارەی ژمارەی ئەو کۆچبەر و پەناخوازە بیانییانەی لە تورکیا نیشتەجێن، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، ژمارەیان 4 ملیۆن و 474 هەزار و 250 کەسە. 3 ملیۆن و 113 هەزار و 478 کەسیان، سووریایین. 1 ملیۆن و 125 هەزار و 623 کەسیان مافی نیشتەجێبوونیان هەیە و 234 هەزار و 528 کەسیان بە ئاگاداری نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆچبەری کاتین و مافی نیشتەجێبوونی فەرمییان پێ نادرێت. 238 هەزار و 55 کەسیان وڵاتینامەی تورکیایان پێدراوە.
هەر بەپێی ئامارە فەرمییەکان، کۆچبەر و پەناخوازە سووریاییەکان 4.7٪ـی کۆی ژمارەی دانیشتووانی تورکیا پێکدەهێنن. 42 هەزار و 938 کەسیان لە کەمپەکاندا دەژین. بەمەش 1.23٪ـی سووریاییەکان لە کەمپەکان و 98.57٪ـیان لە شارەکاندا دەژین. بەهۆی کێشەی ئەمنی و پێشێلکردنی یاساکانی تورکیا، 22 هەزار و 336 کەسیان بۆ سووریا دیپۆرتکراونەتەوە.
لە 57 پارێزگای تورکیادا 2 ملیۆن و 148 هەزار و 204 سووریایی نیشتەجێن. هەروەها 965 هەزار و 274 سووریایی لە 24 پارێزگای باکووری کوردستاندا نیشتەجێن. لە شارەکانی تورکیا زۆرترینیان لە ئیستەنبووڵ دەژین کە ژمارەیان 530 هەزار و 690 کەسن و کەمترین ژمارەشیان 32 کەسن لە بایبورت دەژین.
هەرچی باکووری کوردستانە، زۆرترینیان لە دیلۆک دەژین کە ژمارەیان 430 هەزار و 37 کەسن و کەمترین ژمارەشیان لە جۆلەمێرگ تۆمارکراوە کە تەنیا 9 سووریایین.
هەر لەنێوان ساڵانی 2016-2024دا ژمارەی ئەو سووریاییانەی لە تورکیاوە چوونەتە وڵاتی سێیەم، 66 هەزار و 876 کەسن. زۆرترینیان 18 هەزار و 464 کەس لە ئەڵمانیا نیشتەجێبوون. کەمترین سووریایی کە تەنیا 15 کەسن روویان کردە نیوزلاند.
لە ساڵی 2011دا شەڕی ناوخۆ لە سووریا دەستیپێکرد. هەزاران هاووڵاتیی ئەم وڵاتە روویانکردە سنوورەکانی تورکیا، بەڵام ئەمساڵ تورکیا دەرگەی بە رووی ئەواندا نەکردەوە. ساڵی 2012 بە بڕیاری حکومەتی ئەوکاتی تورکیا، دەرگەی سنوورەکانی بۆ 14 هەزار و 237 کۆچبەری سووریایی کردەوە. لە ساڵی 2013دا ژمارەیان بۆ 224 هەزار و 655 کەس زیادی کرد. ساڵی 2014 زیاتر لە ملیۆنێک سووریایی روویانکردە تورکیا و ژمارەیان بۆ 1 ملیۆن و 519 هەزار و 286 کەس بەرزبووەوە.
لە 2015شدا نزیکەی ملیۆنێکی دیکە هاتنە ناو تورکیا و ژمارەیان گەیشتە 2 ملیۆن و 503 هەزار و 549 کەس. لە ساڵی 2016دا نزیکەی نیو ملیۆن سووریایی دیکەش هاتنە ئەو وڵاتە و ژمارەیان بووە 2 ملیۆن و 834 هەزار و 441 کەس. لە ساڵی 2017شدا ژمارەیان بۆ 3 ملیۆن و 462 هەزار و 786 کەس بەرز بووەوە و ساڵی 2018 کەمتر لە 200 هەزار کەس روویان لە تورکیا کرد و ژمارەیان بووە 3 ملیۆن و 623 هەزار و 192 سووریایی.
بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2019 ژمارەی سووریاییە نیشتەجێبووەکانی تورکیا کەمیکرد و ژمارەیان بۆ 3 ملیۆن و 576 هەزار و 370 کەس داکشا. ساڵی 2020 ژمارەیان کەمێک زیادیکرد و گەیشتە 3 ملیۆن و 641 هەزار و 370 کەس. لە ساڵی 2021دا ژمارەیان بۆ 3 ملیۆن و 737 هەزار و 369 کەس هەڵکشا. بەڵام لە ساڵی 2022دا ژمارەیان بەرێژەیەکی کەم داکشا و بووە 3 ملیۆن و 652 هەزار و 813 کەس. دواجار لە ساڵی 2023شدا ئەم ژمارەیە بۆ 3 ملیۆن و 206 هەزار و 696 کەس و لە شەش مانگی یەکەمی 2024دا بۆ 3 ملیۆن و 113 هەزار و 478 کەس کەمیکرد.
ئاماری کۆچبەران و پەناخوازانی سووریایی بۆ تورکیا و باکووری کوردستان:
2012
14,237
2013
224,655
2014
1,519,286
2015
2,503,549
2016
2,834,441
2017
3,462,786
2018
3,623,192
2019
3,576,370
2020
3,641,370
2021
3,737,369
2022
3,652,813
2023
3,206,696
حوزەیرانی 2024
3,113,478
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ