رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ دەڵێت، لەم جەژنەدا بە دابەشکردنی گۆشت، هاوکاریی یەک ملیۆن هەژاری ئیستەنبووڵ دەکەن.
یەکشەممە 16ی حوزەیرانی 2024 ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ لە هەژماری ئێکس پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و دوای جەژنە پیرۆزە، ستایشی خێرخوازانی کرد پارەیان بەخشیوەتە کۆمەڵەیەکی خێرخوازیی سەر بە شارەوانییەکە و گوتی، بەو کۆمەکە گۆشت بەسەر یەک ملیۆن هاووڵاتیی هەژاری ئیستەنبووڵدا دابەش دەکەن.
سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ ئاشکرای دەکات، تاوەکو ئێستا 110 ملیۆن لیرە (نزیکەی 3 ملیۆن و 355 هەزار دۆلار) لەلایەن خێرخوازەکانی ئیستەنبووڵەوە بەخشراوە. هیوای خواست تاوەکو دوو رۆژی دیکە، بڕی بەخشینەکە زیاتر ببێت بۆئەوەی هاوکاریی زیاتری هەژارانی ئیستەنبووڵی پێبکەن.
لە پەیامەکەیدا، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو دەڵێت، "سوپاسی هاوشارانم لە ئیستەنبووڵ دەکەم، درێخییان نەکردووە لە بەخشینی پارەی بەکۆمەڵی خێرخوازی ئیستەنبووڵی دێرین بۆ هاوکاریکردنی هەژاران. ئەو بڕە پارەیەی کۆکراوەتەوە گەیشتووەتە 110 ملیۆن لیرە. دوو رۆژی دیکە پرۆسەی بەخشین بەردەوام دەبێت. ئێمەش لە سایەی ئێوەدا گۆشت بەسەر یەک ملیۆن هەژاری ئیستەنبووڵدا دابەش دەکەین."
بۆ جەژنی قوربانی ئەم ساڵ تێکڕای نرخی یەک سەر ئاژەڵی بچووک لەنێوان 17 هەزار لیرە (نزیکەی 520 دۆلار) بۆ 25 هەزار لیرە (نزیکەی 765 دۆلار) دەبێت. هەروەها تێکڕای نرخی یەک سەر ئاژەڵی گەورە لەنێوان 80 هەزار لیرە (نزیکەی 2440 دۆلار) بۆ 120 هەزار لیرە (نزیکەی 3660 دۆلار) دەبێت.
لە لایەکی دیکەوە، کەمترین بڕە مووچە لە تورکیا 17 هەزار و دوو لیرەیە (نزیکەی 520 دۆلار) و کەمترین بڕە مووچەی خانەنشینان 10 هەزار لیرەیە (نزیکەی 305 دۆلار). هەروەها نرخی یەک کیلۆگرام گۆشت لە تورکیا لەنێوان 400 - 450 لیرە (نزیکەی 13-15 دۆلار) دەبێت.
فیدراسیۆنی سهندیكاكانی كرێكاران له توركیا (DISK) و ناوەندی لێکۆڵینەوەی کار و کانزاکان لە تورکیا (BİSAM)، دوایین راپۆرتیان لەبارەی هێڵی هەژاری و برسیەتیی لە سەرانسەری باکووری کوردستان و تورکیا بڵاوکردەوە. رایانگەیاند، هێڵی برسییەتی 18 هەزار و 489 لیرە (نزیکەی 564 دۆلار) و هێڵی هەژاری 63 هەزار و 955 لیرە (نزیکەی 1950 دۆلار) دیاریکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ