پەرلەمانتارێکی پێشووی جەهەپە: دەنگم بە کلچدارئۆغڵو نەدا
رووداو دیجیتاڵ
عەبدوللەتیف شەنەر، پەرلەمانتاری پێشووی جەهەپە دەڵێت، دوای ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا لە 14ـی ئایار وازی لە جەهەپە هێناوە و لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریدا دەنگی بە کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە و بەربژێری هاوپەیمانی میللەت بۆ سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا نەداوە.
عەبدوللەتیف شەنەر، شەوی پێنجشەممە، 15ـی حوزەیرانی 2023 لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی راستەخۆدا هۆکاری رەخنەکانی لە بەڕێوەبەرایەتیی پارتەکەی روونکردەوە و گوتی، "لە خولی یەکەمدا دەنگم بە سینان ئۆغان دا، لە خولی دووەمدا دەنگم بە پووچەڵ داوە و دوای هەڵبژاردنی 14ی ئایار دەستم لە جەهەپە کێشایەوە".
شەنەر، کە کەسایەتییەکی دیاری نێو جەپەپە بوو، دەڵێت: "هەرگیز ناتوانرێت بگوترێت، کە من لە حیزبێکم یان بەربژێرێکم. لە ساڵی 2017ـەوە تاوەکو ئەمڕۆ جەهەپە وەک رژێمی "یەک پیاو" ـی باسی ئەو سیستمە دەکات، کە پێیدەگوترێ سیستمی حکومەتی سەرۆکایەتی، کە من پێیدەڵێم سیستمی عوجووبە، بەڵام کەس باس لە رەهەندەکەی دیکەی گوتارەکەم ناکات کە من وێنەکەم خستووەتەڕوو".
شەنەر گوتی، "وێنەکە ئەوەیە؛ ئەگەر سەرۆککۆمار و پەرلەمان لە یەک حیزب یان یەک هاوپەیمانی بن، پێکهاتەیەکی پاوانخوازی بێ میکانیزمی کۆنترۆڵکردنی هاوسەنگی سەرهەڵدەدات، لە هاوپەیمانیدا دەتوانێت بەهێزتر بێت و ئەم دۆخە پشێوی دروستدەکات".
شەنەر بەبیرهێنانەوە کە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکەدا 49.52٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و گوتی، "کاتێک دەڕوانینە ئەوەی هەڵبژاردنەکە چۆن کۆتایی هاتووە، 49.52٪ی دەنگ وەرگیراوە و سنووری دەروونی تێپەڕێنراوە، تەنانەت دەکرا لە گەڕی یەکەمدا کۆتایی بە هەڵبژاردن بهێندرێت. ئەگەر دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکان دەنگەکانی موحەرەم ئینجەی بە پوچەڵ هەژمار بکردایە، هەڵبژاردنەکە لە گەڕی یەکەمدا کۆتایی دەهات. دوای هەڵبژاردنێک قسە دەکەم کە کۆتایی هاتووە. ناوەندی گشتیی جەهەپە هیوایان بە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن نەبوو. ئەوان شەڕیان کرد بۆ ئەوەی کەلێنەکە گەورە نەبێت، هەمووان دەیانزانی کە کەلێنەکە داناخرێت".
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە "ئایا دەستلەکاردەکێشێتەوە لە جەهەپە؟" شەنەر گوتی، "من پێشتر و دوای ئەنجامەکانی 14ی ئایار دەستم لەکارکێشایەوە".
عەبدوللەتیف پەرلەمانتاری پێشووی پارتی گەلی کۆماری-جەهەپە لە نیسانی 1954 لە پارێزگای سێوازی باکووری کوردستان لەدایکبووە.
ساڵی 1977 بەشی زانستە سیاسییەکانی لە زانکۆی ئەنقەرە تەواو کردووە و لە زانکۆی گازی دکتۆرای بەدەستهێناوە. لە 2001 دا یەکێك بوو لە دامەزرێنەرانی ئاکپارتی. لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی تورکیا لە 2002 بووە پەرلەمانتاری سێواز لەسەر لیستی ئاکپارتی. ساڵی 2007 لە ئاکپارتی جیابووەوە. لە 2009دا 'پارتی تورکیا' ـی دامەزراند. ساڵی 2011 بەرلە هەڵبژاردنە گشتییەکانی تورکیا وەک سەرۆکی پارتی تورکیا دەستیلەکارکێشایەوە و بووە بەربژێری سەربەخۆ لە سێواز، بەڵام دەنگی پێویستی بەدەست نەهێنا.
لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی 2018 دا لەسەر لیستی جەهەپە بووە پەرلەمانتاری کۆنیا. لە 54ـەمین کابینەی حکومەتی تورکیادا وەزیری دارایی بوو. لە 58ـەمین و 59ـەمین کابینەی حکومەتدا وەزیری دەوڵەت و یاریدەدەری سەرۆکوەزیران بوو.