دەمیرتاش بۆ سری سورەییا ئۆندەر: دڵمان لەگەڵ ئێوەیە

16-04-2025
هەوار ئیسماعیل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە پەیامێکی سەبارەت بە سری سورەییا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەرلەمانتاری دەم پارتی بڵاوکردەوە کە شەوی رابردوو بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گەیێندرایە نەخۆشخانەیەکی ئیستەنبووڵ و نەشتەرگەری بۆ کرا.

دەمیرتاش ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ـی نیسانی 2025، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "سری هەڵدەستێتەوە سەرپێ. بەدڵنیاییەوە ئەم ئاشتییە دێتەدی و بەپشتیوانی خودا، ئەویش شانازی بە ئەنجامی هەوڵەکانی خۆیەوە دەکات".
 
ئۆندەر دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری کە 12 کاژێری خایاند، ئەمڕۆ گوێزرایەوە بۆ بەشی چاودێریی چڕ و تاوەکو ئێستا تەندروستی ناجێگیرە.
 
لەو پەیامەدا کە سەلاحەدین دەمیرتاش لە زیندانی ئەدیرنەوە بڵاویکردووەتەوە، هاتووە: "بوونە باڵیۆزی ئاشتی کارێکی زەحمەتە. دڵت دەخەیتە سەر هێڵ بۆ ئەوەی دایکان و باوکان ئازاری لەدەستدانی منداڵێکیان ئەزموون نەکەن، بەڵام زۆربەی کات بەهای ئەم کارە نازانرێت. لێت دەدەن، دڵت ئازار دەدەن، هەوڵ دەدەن یاری بە شکۆت بکەن، بەڵام ئەگەر تۆ دڵسۆزانە پابەند بیت بە ئاشتی، هەنگاو بەرەو دواوە نانێیت، هەرگیز واز ناهێنیت و تاکە ئاواتت ئەوەیە پێش مردنت ئاشتی ببینیت."
 
دەمیرتاش هەروەها دەڵێ: "لە دوایین سەردانی زینداندا، بەڕێز سری تەندروستی تێکچوو، زەرد هەڵگەڕا. ئێمە نیگەران بووین، هەوڵماندا تەلەفۆن بۆ پزیشک و ئەمبوڵانس بکەین، بەڵام ئەو رێگەی پێنەداین، چووە دەرەوە بۆ هۆڵەکە و هەوایەکی هەڵمژی. لەگەڵ ئەحمەد تورک و پەروین بوڵدان چاومان پڕ بوو لە فرمێسک. بەڕێز سری گەڕایەوە و هەوڵیدا وەک جاران دڵخۆش بێت و گوتی 'کاک ئەحمەد، ناتوانم بمرم بەبێ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە!' لەوێ بەڵێنمان بە یەکدی دا، "سەرەتا ئاشتی، مردن فەرمانی خودایە".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە