دوو بەرپرسی تورکیا: پەیەدە بە قووڵی 30 کیلۆمەتر نەکشێتەوە، ئۆپەراسیۆنێکی دیکە دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
دوو بەرپرسی تورکیا دەڵێن، حکومەتی وڵاتەکەیان ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ هەندێک ناوچە ئەنجامبدات کە لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدەدان، ئەگەر بێتوو ئەوەی ئەنقەرە داوای دەکات لە رێگەی دانوستاندنەوە لەگەڵ ئەمریکا و رووسیا جێبەجێ نەکرێت.
چەند رۆژێک پێش ئێستا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، ئەنقەرە سوورە لەسەر رووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەک کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەوە دەکرێتە سەر بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی.
هەڕەشەکەی ئەردۆغان دوای ئەوە هات، رۆژی یەکشەممە 10-10-2021 هێرشێکی مووشەکی کرایە سەر ناوچەی ئەعزازی سووریا کە ناوچەکە لەژێر کۆنترۆڵی چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆنی نزیک لە تورکیایە و ئەنقەرەش دەڵێت، هێرشەکە لە لایەن شەڕڤانانەوە و لە ناوچەی تەل رەفعەتەوە ئەنجامدراوە.
هەروەها رۆژی دووشەممە 11-10-2021یش چەند مووشەکێک لە شارۆچکەی کارکامیسی تورکیا کەوتنە خوارەوە و بەرپرسانی ئەو وڵاتەش پێیان وایە مووشەکەکان لە ناوچەی تەل رەفعەتەوە تەقێندرابوون.
لەو بارەوە بەرپرسێکی تورکیا ئەمڕۆ هەینی 15-10-2021 بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاند، "پێویستە ئەو ناوچانە بە تەواوی پاکبکرێنەوە، لەوانەش ناوچەی تەل رەفعەت کە بەردەوام لێیەوە هێرش دەکرێتە سەرمان".
تاوەکو ئێستا زانیاریی لەبارەی کات و شێوازی ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا ئاشکرا نەکراوە. بەرپرسەکەی تورکیا گوتی، سوپا و دەزگای هەواڵگریی وڵات سەرقاڵی ئامادەکارین. ئەو بەرپرسە گوتیشی، "بڕیارەکە دراوە و هاوئاهەنگیی پێویستیش لەگەڵ ژمارەیەک وڵات دەکرێت. ئەم بابەتە لەگەڵ رووسیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تاوتوێ دەکرێت".
ئەو بەرپرسەی تورکیا گوتی، لە کۆتایی ئەم مانگەدا و لە پەراوێزی لووتکەی 20دا لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و جۆ بایدن کۆدەبنەوە و تێیدا سەرۆککۆماری تورکیا ئەو پرسە لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا تاوتوێ دەکات.
بەرپرسێکی دیکەی تورکیا لەبارەی ئەو بابەتە قسەی کرد و گوتی، پێویستە شەڕڤانان لە ناوچەکە بە قووڵی 30 کیلۆمەتر پاشەکشە بکەن بۆ ئەوەی تورکیاش ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئەنجام نەدات. مەبەستی بەرپرسەکەی تورکیا لەو "ناوچانە" بریتییە لە "تەل رەفعەت"، هەروەها میدیای تورکیا دەڵێن کە مەنجیش دەگرێتەوە.
ئەو بەرپرسەی تورکیا رایگەیاند، دوای ئەوەی ئەردۆغان لەبارەی ئەو بابەتە لەگەڵ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا قسەی کرد، هەمان پرسیش لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا تاوتوێ دەکات.
بەرپرسەکەی تورکیا گوتی، "ئەگەر هاتوو دیپلۆماسییەت ئەنجامی نەبوو و پەیەدە ئەو ناوچانەی جێنەهێشت، ئەو کاتە بەدڵنیاییەوە ئۆپەراسیۆنەکە ئەنجامدەدەین".
لە ساڵی 2016ەوە تورکیا سێ ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەنێو سووریا و رۆژئاوای کوردستان ئەنجامداوە. یەکەمین ئۆپەراسیۆنی لە ساڵی 2016دا بوو، کاتێک سوپای ئەو وڵاتە و هێزە نزیکەکانی لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا هێرشیانکردە سەر ناوچەی ئەعزاز و جەرابلووس.
لە کانوونی دووەمی 2018یشدا ئەو هێزانە هێرشیانکردە سەر هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان و دوای نزیکەی دوو مانگ لە شەڕ، ناوچەکەی رۆژئاوای کوردستانیان کۆنترۆڵکرد.
لە تشرینی یەکەمی 2019یشدا سوپای تورکیا و هێزە نزیکەکانی لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا هێرشیانکردە سەر ناوچەی سەرێکانی و گرێسپی لە رۆژئاوای کوردستان و ئەو ناوچەیان کۆنترۆڵکرد.