رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی دەم پارتی داوا دەکات ئەندامێکی ئەنجوومەنی شارەوانیی جۆلەمێرگ بکرێتە سەرۆکی شارەوانی و دەشڵێت، "ڤیان تەکچەی هاوڕێمان بە دەنگی خەڵکی جۆلەمێرگ هەڵبژێردراوە و پێویستە بکرێتە سەرۆک شارەوانی."
شەوی رابردوو رێکخستنەکانی دەم پارتی گردبوونەوەیەکی جەماوەریی بەرفراوانیان لە پارێزگای مەرسین لە تورکیا دژی دانانی قەییووم لە شارەوانیی جۆلەمێرگ رێکخست. تولای هاتیمئۆغوللاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتارێکی پێشکێش کرد.
هاتیمئۆغوللاری لە گوتارەکەیدا پەیامێکی ئاراستەی حکومەتی تورکیا کرد و رایگەیاند، پێویستە واز لە سیاسەتی دانانی قەییووم بێنێت و رووی دەمی کردە دەسەڵات و گوتی، "ئەو پارێزگارەی بە قەییووم بەسەر خەڵکتاندا سەپاندووە، دەبێت بگەڕێتەوە و ئەرکی پارێزگاری خۆی جێبەجێ بکات."
هاتیمئۆغوللاری باسی لەوەشکرد، پێویستە ڤیان تەکچەی ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانیی جۆلەمێرگ وەکو سەرۆک شارەوانی دەستنیشان بکرێت.
هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، محەممەد سدیق ئاکش، سەرۆکی لەکارلادراوی شارەوانیی جۆلەمێرگ بە ویستی خەڵک بەربژێر کرا، ئەگەر کێشەی یاسایی هەبووایە، دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکان بەربژێربوونی رەتدەکردەوە، کەچی دوای هەڵبژاردن، تۆمەتیان خستەپاڵ.
رۆژی 3ی حوزەیران بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، محەممەد سدیق ئاکش لەسەر کارلادرا و عەلی چەلیک، پارێزگاری جۆلەمێرگ بە قەییووم لە شوێنی دانرا.
رۆژی 5ی حوزەیران دادگاییکردنی ئاکش لە چوارچێوەی دۆسیەی لێکۆڵینەوەکانی کۆماجڤاکێن کوردستان - کەجەکە بەڕێوەچوو و بە 19 ساڵ و شەش مانگ زیندانیکردن سزادرا.
لە 3ی حوزەیرانەوە لە چەندین ناوچەی باکووری کوردستان و تورکیا خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایەتی دژی دانانی قەییووم بۆ شارەوانی جۆلەمێرگ دەکرێت.
دەم پارتی بڕیاریداوە لە سەرجەم شارەوانییەکان چالاکی دەستپێبکات و داوای گردبوونەوە و چالاکی ناڕەزایی کردووە. دوای بڕیارەکەی دەم پارتیش لە 12 پارێزگای باکووری کوردستان خۆپیشاندان و گردبوونەوە قەدەخە کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ