رووداو دیجیتاڵ
دۆغان هاتوون، هاوسەرۆکی گەورەشارەوانیی ئامەدی باکووری کوردستان کە بەیانیی ئەمڕۆ دوای کاردانەوەی لە دژی قەییومکردنی گەورەشارەوانیی وان دەستگیرکرابوو و ئازادکرابوو، دوای نیوەڕۆ جارێکی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە خۆپێشاندان دەستگیرکرا.
دوای ئەوەی بەیانیی رۆژی شەممە (15-2-2025) عەبدوڵڵا زەیدان، سەرۆکی گەورەشارەوانیی وان بە بڕیاری وەزارەتی نێوخۆ لەکار لادرا و قەییوم لە شوێنەکەی دانرا، کاردانەوە لەلایەن ئەندام و لایەنگرانی دەم پارتی دەستیپێکرد.
دۆغان هاتوون، یەکێک لەو بەرپرسانەی دەم پارتی بوو، کە لە وانی باکووری کوردستان بەشداریی لە خۆپێشاندان و ناڕەزاییەکاندا کرد.
هاتوون، لەلایەن پۆلیسی وانەوە دەستگیرکرا و دوای ماوەیەک ئازاد کرا.
زولکوف ئوچار، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان ئێکسێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت "دۆغان هاتوون، هاوسەرۆکی گەورەشارەوانیی دیاربەکر جارێکی دیکە لەلایەن زەوتکارانەوە دەستگیرکرا."
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی جەختی کردووەتەوە لەوەی ئەوان هیچ کات "بەرامبەر ئەو قەییوم و پیلانگێڕییە، ملکەچ نابن."
دۆغان لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێکانی لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکران و گواسترانەوە بارەگای ئاسایشی وان.
لە یەکەم قۆناخدا هێزە ئەمنییەکان 127 کەسیان دەستگیرکرد کە شەشیان رۆژنامەڤان بوون.
ئەمە لەکاتێکدایە خۆپێشاندان و ناڕەزایی درێژەیان هەیە و ناوبەناو گرژی لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپێشاندەران روودەدات.
هەڵبژاردنی شارەوانییەکان (2024)
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستاندا کە رۆژی 31-3-2024 بەڕێوەچوو، دەم پارتی 2 ملیۆن و 625 هەزار و 588 دەنگی هێنا کە 5.7٪ـی کۆی دەنگەکان بوو.
دەم پارتی 85 شارەوانیی بەدەستهێنا کە 3 گەورەشارەوانیی، 7 شار، 65 قەزا و 10 ناحیە بوون. تاوەکو ئێستا نۆ شارەوانیی دەم پارتی قەییومیان بۆ دانراوە، کە ئەوانیش شارەوانییەکانی؛ جۆلەمێرگ، مێردین، ئێلیهـ، دێرسم، میکس، خەلفەتی، ئاکدەنیز، سێرت و وانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ