ئەردۆغان: سیاسییەکان رێکنەکەون، خەڵک چارەسەری دەکات

رووداو- ئەنقەرە

سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی تورکیا وەک ئاماژەیەک بۆ ئەگەری دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن دەڵێ:" ئەگەر سیاسییەکان نەتوانن پرسەکە چارەسەر بکەن، ئەوا خەڵک چارەسەری دەکات".


رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە ئێوارەخوانێکدا لە رۆژی دووشەممە 14-7-2015لەبارەی رووداوەکانی ئەم دواییەی باکووری کوردستان گوتی: "چەند رۆژێکە رووداوەکانی باشووری رۆژهەڵاتی وڵات دەبینین،  دەڵێن بەنداوەکان دەکەینە ئامانج،لە کاتێکدا ئەو بەنداوانە بۆ ئاودێرین، یان بۆ ئاوی خواردنەوەن".

رەجەب تەییب ئەردۆغان رەخنەی ئاراستەی پارتی دیموکراتی گەلان HDP کرد و گوتی:"  ئەوان هیچ کاردانەوەیەکیان نییە، دەڵێن هیچ پەیوەندییەکی ئۆرگانیمان نییە، بەڵام لەمەدا دەردەکەوێ کە بێدەنگن".

ئەردۆغان هەڕەشەی ئەوەیشیکرد ئەو کارەی کە پارتی کرێکارانی کوردستان دەیانەوێ بیکەن سوکایەتییە بە میللەتەکەیان و دەڵێ: "ئەو پرسە پرسی شەخسی منە و بە شەخسی چاودێری دەکەم".

هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان HDP لەبارەی پرسی چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان PKKـەوە دەڵێ کە:" ئەوان وەکو هادەپە ناتوانن چەک بە پەکەکە دابنێن".، هەروەها دەڵێ:"  ئەوان پەیوەندییەکی ئۆرگانیان لەگەڵ پەکەکەدا نییە".

سەلاحەدین دەمیرتاش، لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەڤانیدا وەڵامی داواکاری ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکوەزیرانی تورکیای دایەوە کە ناوە ناوە داوا دەکات "تەنیا ئاگربەست بەس نییە، بەڵکو قسە لەسەر چەکدانانیش بکرێ" دەمیرتاش لەو بارەیەوە گوتی: "لە بارێکدا نین بتوانین چەک بە پەکەکە دابنێین، ئەمە تەنیا سەرۆکی زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان عەبدوڵڵا ئۆجەلانە کە دەتوانێ ئەمە بکات".

هەروەها رۆژی 12 ی تەمووزی 2015 هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان KCK رایگەیاند: "چیتر قبوڵی بەکارهێنانی هەڵوێستی ئاگربەست ناکەین و لەبەرامبەر سیاسیەتی چارەسەرنەکردنی کێشەی کورد هەڵوێستمان دەبێت".

لەبەیاننامەیەکدا KCK ئەوەی خستەڕوو: "دەوڵەتی تورکیا بەردوام بووە لەسەر دروستکردنی بەنداو و قەرەقۆڵەکان، ئاگاداریش کراوەتەوە کە رێگا و بەنداو بە ئامانجی سەربازی دروستنەکات، خەڵکەکەشمان زۆرجار بووەتە قەڵغانێکی زیندوو لەبەردەم ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕ و زۆر وڵاتپارێز و گەنج ژیانی خۆیان لەدەستداوە."

لەبەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە" دروستکردنی ئەو بەنداوانە زۆر لە پێویستی وزەی باکووری کوردستان زیاترن" و هۆشداری ئەوە دراوەتە دەوڵەتی تورکیا کە "هەموو ئەو بەنداوانە دەکەینە ئامانج، گەیشتووینەتە ئەو بڕیارەی کە دروستکردنی هەموو بەنداوەکان رابگرین، لەبەر ئەوە هەرکەسێک لەو بەنداوانەدا کار دەکات دەبێ لەو شوێنانە دووربکەونەوە".