رووداو دیجیتاڵ
لە گردبوونەوەی جەماوەریی ئەندامان و لایەنگرانی دەم پارتیدا لە جۆلەمێرگی باکووری کوردستان، هاوسەرۆکانی دەم پارتی پەیامێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، تاوەکو کۆتاییهێنان بە دانانی قەییووم، درێژە بە چالاکییەکانیان دەدەن.
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 13ـی حوزەیرانی 2024، دژی لەکارلادانی محەممەد سدیق ئاکش، سەرۆکی پێشووی شارەوانیی جۆلەمێرگ و زیندانیکردنی، دەم پارتی گردبوونەوەیەکی جەماوەریی بەرفراوانی لە جۆلەمێرگ رێکخست.
ژمارەیەکی زۆری خەڵکی جۆلەمێرگ، ئەندام و لایەنگرانی دەم پارتی، نوێنەرانی ژمارەیەک لە پارتە کوردستانییەکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە چالاکییەکەدا ئامادە بوون. تولای هاتیمئۆغوللاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی دەم پارتی گوتاریان پێشکێش کرد.
تولای هاتیمئۆغوللاری لە گوتارەکەیدا گوتی، لە یەکەم رۆژی راگەیاندنی دانانی قەییووم و دەستبەسەرکردنی محەممەد سدیق ئاکش، پلانیان هەبوو لەبەردەم باڵەخانەی پارێزگای جۆلەمێرگ کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی ساز بکەن، بەڵام بە فەرمانی وەزارەتی ناوخۆ سەتان کەس لە ئەندامانی هێزی تایبەتی فەرماندەیی جەندرمە هێنران و گوتی: "هێنانی هێزی تایبەتی فەرماندەیی جەندرمە، کودەتای سەربازییە لە هەکاری (جۆلەمێرگ). دیسان هەکاری بە پۆستاڵی سەربازی داگیرکرا. ئەگەر ئەمە کودەتای سەربازی نەبێت، چییە؟"
هاوسەرۆکی هەدەپە رایگەیاند: "سەپاندنی قەییووم، دژایەتیکردنی کوردە و هیچ پاساوێکی دیکەی نییە. تاوەکو پرسی کورد بە دیموکراسی و ئاشتیانە چارەسەر نەکرێت، ئەم جۆرە کێشانە بەردەوام دەبن".
تولای هاتیمئۆغوللاری هەروەها گوتی: "پارێزگاری بەقەییووم سەپێندراو بۆ سەر شارەوانیی هەکاری ناناسین و رەوایەتی نییە. تاکە بەربژێری ئێمە بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانیی جۆلەمێرگ تەنیا (ڤیان تەکچە)یە کە ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییە. جگە لەو، دان بە کەسدا نانێین. ئێمە لە کوردستان و تورکیا تاوەکو کۆتاییهێنان بە قەییووم، خەبات دەکەین و بە یەکگرتووییش سەردەکەوین".
دواتر تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە گوتارێکدا رایگەیاند: "گەلانی تورکیا بە کورد، تورک، لاز، چەرکەز و هەموو جیهانیش باس لە قەییووم دەکەن، بەڵام کۆشک گوێی داخستووە".
تونجەر باکرهان گوتی: "دەسەڵات لە کوردستان یاسای دوژمنکارانە دژی کورد جێبەجێ دەکات و قەدەخە بەسەر کوێستان، شاخ، زمان و کولتووردا دەسەپێنیت و سیاسەتڤانەکانی زیندانی دەکات".
هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند: "هەموو هەوڵێکیان بۆ لەنێوبردنی کورد و زەوتکردنەوەی مافەکانیانە. ئێمەش کار دەکەین بۆ ئەوەی پێگەی کورد لە تورکیا بەهێزتر بکەین. لێرەشەوە داوا لە دەسەڵات دەکەم با هەڵبژاردن دووبارە بکرێتەوە و بزانن کێ دەیباتەوە. پەیامی کۆتاییشم بۆ دەسەڵات ئەوەیە کە تا ئەو کاتەی کۆتایی بە قەییووم دەهێنین، دەستبەرداری خەبات نابین".
رۆژی 3ـی حوزەیران، بە بریاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، محەممەد سدیق ئاکش، سەرۆکی شارەوانیی جۆلەمێرگ لەسەر کار لادرا و عەلی چەلیک، پارێزگاری جۆلەمێرگ بە قەییوم لە شوێنی دانرا.
رۆژی 5ـی حوزەیران پرۆسەی دادگاییکردنی ئاکش بەڕێوەچوو و لە چوارچێوەی دۆسیەی لێکۆڵینەوەکانی کۆماجڤاکێن کوردستان-کەجەکەدا بە 19 ساڵ و شەش مانگ زیندانیکردن سزادرا.
لە 3ـی حوزەیرانەوە لە چەندین ناوچەی باکووری کوردستان و تورکیا خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایەتی دژی دانانی قەییووم بۆ شارەوانی جۆلەمێرگ بەڕێوەچووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ