وەزیری وزەی تورکیا: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان باش دەکەینەوە

رووداو - هەولێر

وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا رایگەیاند پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتەکەی بەرەو ئاساییبوونەوە دەچن و "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان باش دەکەینەوە". 
 
بەرات ئاڵبایراک، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا لەبارە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستان لەدوای گشتپرسیی سەربەخۆیی کوردستان دوا و، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە وشەی گشتپرسی بدات رایگەیاند "تورکیا هیچ هەنگاوێکی هەڵەی لەدژی باکووری عێراق نەنا".

ئاڵبایڕاک رایگەیاند "هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رابردوودا بووە هۆی دڵشکاوی تورکیا، بەڵام باوەڕم وایە لەدوای هەڵنانی کۆمەڵێک هەنگاوی دوولایەنە، قۆناخێکی ئەرێنیی تازە لەنێوان هەردوولا دێتە ئاراوە، کە دەبنە هۆی رەوینەوەی ئەو دڵشکاوییەی رابردوو".

وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا جەختیشی کردەوە لەوەی "سەرەڕای ئەوەی وڵاتانی دیکە لە دژی باکووری عێراق هەنگاویان نا، بەڵام تورکیا ئەمەی نەکرد و لە رووی مرۆیی و ئابووری هیچ هەنگاوێکی هەڵەی نەنا".

لەبارەی داهاتووی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیاش ئەو وەزیرەی حکومەتی تورکیا رایگەیاند "تورکیا لە 10 ساڵی رابردوودا لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەڕووی هاوئاهەنگییەوە توانی کارێکی باش ئەنجامبدات. ئێستا تورکیا هیچ کێشەیەکی نییە لەوەی دووبارە ئەو هاوئاهەنگییە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق دروستبکاتەوە".


 
داڕشتنەوە: هەڵات رێبوار