پەروین بوڵدان دوای ئەوەی دەنگی دا: لەم هەڵبژاردنەدا گۆڕانکاریی گەورە بەدیدێت
رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی هەدەپە لە بنکەیەکی شاری وان لە باکووری کوردستان دەنگی دا، دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی "هیوادارین دەنگەکان بۆ ئاشتی و ئارامی و دیموکراسی و دادپەروەری بدرێن".
پەرووین بوڵدان لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیدا کە رووداویش ئامادەبوو، گوتی "لە تورکیا ناهەقی زۆر کراون، بەڵام ئەمڕۆ بەم هەڵبژاردنە گۆڕانکارییەکی گەورە دروست دەبێت و هەموومان، هەموو گەلانی تورکیا هیوادارن گۆڕانکاری رووبدات. ئێمە ئەمڕۆ لە وان دەنگمان دا، بۆ برایەتی، بۆ ئاشتی و بۆ دیموکراسی و ئێمە چاوەڕوانین قەدەری تورکیا بگۆڕێت".
پەرووین بوڵدان، هاوسەرۆکی هەدەپە دوای دەنگدانی بە فڕۆکە بەرەوە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا بەڕێدەکەوێت و لەمبارەیەوە گوتی "دەچمە بارەگای گشتیمان لە ئەنقەرە، بۆ ئەوەی لەگەڵ هەڤاڵانمان لەوێ چاوەڕێی ئەنجامی هەڵبژاردن بکەین".
هەدەپە، بەهۆی ئەگەری داخستن، بەناوی پارتی چەپی كەسك بەشداری هەڵبژاردنە و سەرۆکایەتیی هاوپەیمانیی رەنج و ئازادی دەکات بۆ سەرۆککۆماریش، پاڵپشتی لە کەمال کڵچدارئۆغڵوو، بەربژێری هاوپەیمانیی میللـەت دەکات. بەگوێرەی ئەنجامی راپرسییەكانیش بێت، لەنێوان 10% بۆ 12%ـی دەنگەكانی تورکیا و باکووری کوردستان بۆ خۆی دەبات.
کاژێر 08:00ـی بەیانی ئەمڕۆ 14-5-2023 هەڵبژاردن لە باکووری کوردستان و تورکیا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا و پەرلەمانی ئەو وڵاتە دەستیپێکرد.
هەڵبژاردنی پەرلەمان بۆ پڕکردنەوەی 600 کورسی پەرلەمانی ئەو وڵاتەیە. 36 پارتی سیاسی مافی بەشداریکردنیان هەیە؛ 24 پارتی سیاسی لیستی بەربژێریان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان هەیە و 12 پارتەکەی دیکەش لە نێو هاوپەیمانییەکاندا لە رکابەریدان.