ئەردۆغان لەبارەی سزاکەی دەمیرتاش: بەرپرسە لە کوژرانی زیاتر لە 100 گەنج

13-06-2024
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری تورکیا بە رۆژنامەڤانێکی ئیسپانی راگەیاند، بەلایەوە "سەیرە" بەرگری لە سەلاحەدین دەمیرتاش و عوسمان کاڤاڵا دەکات. رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی دەمیرتاش گوتی: "بەرپرسە لە کوژرانی زیاتر لە 100 گەنج". 
 
بە مەبەستی بەشداریکردن لە هەشتەمین لووتکەی هاوئاهەنگی نێوان هەردوو وڵات، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی مەدریدی پایتەختی ئیسپانیای کرد. ئێوارەی ئەمڕۆش ئەردۆغان کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشی لەگەڵ پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا ئەنجامدا. 
 
لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا پەیامنێرێک لەبارەی 42 ساڵ سزای زیندانیکردن بەسەر سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە و عوسمان کاڤاڵای بزنسمانی تورک، پرسیاری لە ئەردۆغان کرد. 
 
لە وەڵامدا سەرۆککۆماری تورکیا گوتی: "تورکیا دەوڵەتی یاسایە و لەنێو دەوڵەتیشدا دادوەر بڕیار دەدات. ئەو کەسانەی ئاماژەت پێکردن دادگەکانمان لەبارەیانەوە بڕیاریان داوە. یەکێک لەو ناوانە (دەمیرتاش) هۆکاری کوژرانی زیاتر لە 100 گەنجە. هەر ئەو کەسە ئاژاوەی زۆری لە ناوچەکانی باشووری رۆژهەڵات (باکووری کوردستان) نایەوە". 
 
ئەردۆغان بە رۆژنامەڤانەکەی گوت: "پرسیارەکەت گوماناوییە و بەرگریکردنت لەو تیرۆریستانە دڵگرانم دەکات. ئێمە یاسا جێبەجێ دەکەین". 
 
دوای 84 دانیشتن لە دۆسیەی ناونراو بە دۆسیەی کۆبانێ، دەستەی دادوەرانی 22ـەمین دادگەی سزا قورسەکانی سینجان لە ئەنقەرە، رۆژی 16ـی ئایاری 2024، سەلاحەدین دەمیرتاشی بە 42 ساڵ زیندانیکردن سزادا. 
 
سەلاحەدین دەمیرتاش 47 تاوانی درایە پاڵ، وەک (تێکدانی یەکڕیزی و یەکگرتوویی وڵات)، (هاندان بۆ ئەنجامدانی تاوان)، (رێکخستنی خۆپیشاندانی نایاسایی)، (تێکدانی ئاسایشی نێوخۆ)، (هاندانی خەڵک بۆ یاخیبوون دژی یاسا بەرکارەکان) و (پڕوپاگەندەکردن و پەسندکردنی تیرۆر).
 
عوسمان کاڤاڵا، بازرگان و چالاکڤانی تورک لە ساڵی 2017 بە تاوانی ''رۆڵگێڕان لە هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی 15ی تەممووزی 2016، ھاندان بۆ ئاژاوەگێڕی و دژایەتیکردنی دەسەڵات و سپۆنسەرکردنی خۆپیشاندەرانی رووداوەکانی پارکی گەزی'' دەستبەسەر کرا و رۆژی 28ی کانوونی یەکەمی 2022 دادگای ئیستەنبووڵ بڕیاری زیندانی تاهەتایی بەسەردا سەپاند. 
 
دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانێ چییە؟
 
رووداوەکانی کۆبانێ لە رۆژانی 6-8ـی تشرینی یەکەمی 2014 روویاندا. 
 
دوای ئەوەی داعش لە ئەیلوولی 2014 هێرشی کردە سەر کۆبانێ، هەدەپە و ژمارەیەک لە پارتە کوردستانییەکانی دیکەی باکووری کوردستان داوایان لە حکومەتی ئەو کاتی تورکیا کرد رێگە بە ناردنی چەک و هاوکاریی دیکەی سەربازی لە تورکیاوە بۆ شەڕڤانان بدات. 
 
لە چەند شارێکی باکووری کوردستان خۆپێشاندان دەستیپێکرد؛ حکومەتیش بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە قەدەخەی هاتووچۆی راگەیاند.
 
گرژییەکان زیادبوون و لە ئەنجامدا 46 سڤیل و پۆلیس کوژران، 682 کەس لە خۆپێشاندەران و پۆلیس بریندار بوون، 323 کەس دەستگیرکران و هەزار و 113 باڵەخانە سووتێنران. 
 
حکومەتی تورکیا رۆژی 4ـی کانوونی دووەمی 2016 ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانی بۆ سەر هەدەپە دەستپێکرد، هاوسەرۆکان و ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتارانی ئەو پارتە دەستبەسەرکران و دواتر بەبڕیاری دادگە، خرانە زیندانەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە