رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای هاتایی تورکیا کە بەهۆی بوومەلەرزەکەی 6ی شوباتی پار زیانی زۆری بەرکەوتووە، بەهۆی بارانی بەخوڕ و لافاو، لە دوو شارۆچکەدا پشووی خوێندن راگەیێندرا.
لە شەوی رابردووەوە بارانێکی بەخوڕ لەو پارێزگایە دەبارێت. مستەفا ماساتڵی، پارێزگاری هاتای رایگەیاند، رۆژی دووشەممە 13ی ئایار لە شارۆچکەکانی ئانتاکیا و دەفنە دەرگای قوتابخانەکان ناکرێنەوە و بۆ ماوەی یەک رۆژ پشووی خوێندنیان راگەیاندووە.
مستەفا ماساتڵی ئاماژەی بەوە دا، لە 24 کاژێری رابردوودا 167 ئاگادارییان لە هاووڵاتییانەوە پێگەیشتووە و 157یان لەلایەن ئەو هاووڵاتییانەوە بووە کە ئاو چووەتە ماڵەکانیان یان بەهۆی لافاو گیریانخواردووە.
بە گوتەی پارێزگار، تیمەکان بەهانایانەوە چوون، ئەو هاووڵاتییانەی گیریانخواردووە رزگار کراون؛ ئەو ماڵانەش کە ژێرئاو کەوتوون، بۆ شوێنی دڵنیا گوازراونەتەوە.
شەوی رابردوو هاتووچۆی ئۆتۆمبێل لە پردێک لە شارۆچکەی ئۆزەرلی بەهۆی مەترسیی سەرڕێژبوونی چەمەکە داخرا.
لە هەندێک شەقامدا لافاو هاتووچۆی پەکخستووە و کێشەی بۆ شۆفێران دروستکردووە. تیمەکان بەردەوامن لە کارکردن بۆ دەردانی ئاو لەو شەقامانەی گرفتیان بۆ دروستبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ