بانگەشەی هەڵبژاردنی تورکیا کۆتایی هات
رووداو دیجیتاڵ
دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا رایگەیاند؛ بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆککۆماری تورکیا کۆتایی هات، کە زیاتر لە 60 ملیۆن و 500 هەزار هاووڵاتیی تورکیا مافی ئەوەیان هەیە سبەی دەنگ بدەن.
کاژێر 08:00ـی بەیانیی سبەی (یەکشەممە، 14ـی ئایاری 2023) هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و 28ـەمین خولی پەرلەمانی تورکیا دەستپێدەکات و تاوەکو کاژێر 05:00ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت.
لەو هەڵبژاردنەدا دەنگدەر دوو پسووڵەی جیاواز کە یەکێکیان تایبەتە بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و ئەوەی دیکەیان تایبەتە بە هەڵبژاردنی ئەندامانی پەرلەمان، دەکاتە یەک زەرفی نامەوە و دەیکاتە ناو سندووقەکانی دەنگدانەوە، سەرەتاش دەنگەکانی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار هەژمار دەکرێن، دواتر پەرلەمان.
36 پارتی سیاسیی مافی بەشداریکردنیان لەم هەڵبژاردنانەدا هەیە، کە 24 پارتی سیاسی لیستی بەربژێریان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان هەیە و 12 پارتەکەی دیکەش بەناوی هاوپەیمانییەوە دەچنە هەڵبژاردنەکانەوە.
پارتەکان بە پێنج هاوپەیمانی جیا کە بریتیین لە هاوپەیمانانی ''جمهوور، میللەت، ئاتا، رەنج و ئازادی و یەکێتیی هێزی سۆسیالیست'' بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن.
بەپێی ریزبەندی پسوولەی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکاندا، رەجەب تەییب ئەردۆغان، موحەرەم ئینجە، کەمال کڵچدارئۆغڵو و سینان ئۆغان وەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کێبڕکێی دەکەن بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستە، بەڵام بەهۆی کشانەوەی موحەڕەم ئینجە لەخۆکاندیدکردنی لە 11ـی ئایار و لەبەرئەوەی چاپکردن و دابەشکردنی کارتەکان تەواوبووە، ناوی هەر لەسەر کارتەکان دەمێنێتەوە.
هەریەک لە رەجەب تەییب ئەردۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور و کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت بەهێزترین کاندیدەکانی پۆستی سەرۆککۆمارن و هەریەکەیان دەڵێ خۆی و هاوپەیمانیێتییەکەی لەو هەڵبژاردنانەدا دەیباتەوە.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیشدا کە 28ـەمین خولی پەرلەمانی تورکیایە، 24 پارت و 151 کاندیدی سەربەخۆ لەسەرانسەری تورکیادا بەشدارن.
هەر لەم هەڵبژاردنەدا 64 ملیۆن و 113 هەزار و 941 کەس مافی دەنگدانیان هەیە. 60 ملیۆن و 697 هەزار و 843 دەنگدەر لەناوخۆی تورکیا و 3 ملیۆن و 416 هەزار و 98 دەنگدەریش وەک رەوەندی ئەم وڵاتە لە دەرەوەی تورکیا مافی دەنگدانیان هەبوو.
کارتەکانی دەنگدان کە لە دەرەوەی وڵات دەنگیان لەسەر دراوە، بە فڕۆکە و بە پۆستەی دیپلۆماتی براونەتەوە بۆ تورکیا و سبەی لە پاش تەواوبوونی دەنگدان لە نێوخۆی وڵاتەکە لەیەک کاتدا لەگەڵ کارتەکانی دەنگدانی ناوخۆ بەیەکەوە دەکرێنەوە و جیادەکرێنەوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، لە نوێنەرایەتییەکانی دەرەوەی تورکیاشدا ملیۆنێک و 817 هەزار و 10 دەنگ دراون و پرۆسەی دەنگدان لە دەروازە سنوورییەکانیش تاوەکو کاژێر 05:00ـی ئێوارەی رۆژی 14ـی ئایاری 2023 بەردەوام دەبێت.