رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت) سەردانی دیمەشقی کرد و لە مزگەوتی ئومەوی نوێژی کرد.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە (12-12-2024)، ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی میت، سەردانی دیمەشقی کرد و لە مزگەوتی ئومەوی لە دیمەشق لەگەڵ شاندێکی یاوەری نوێژیان کرد.
تاوەکو ئێستا هیچ روونکردنەوەیەکی فەرمیی بڵاونەکراوەتەوە و میدیا و ئاژانسی فەرمیی تورکیاش ئاماژەیان بە سەردانەکەی ئیبراهیم کاڵن نەکردووە، بەڵام دیمەنی سەردانەکەی بۆ مزگەوتی ئومەوی لە میدیای تورکیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرایەوە.
لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا ئیبراهیم کاڵن لەنێو پاسەوانە تایبەتەکانیدا لە کاتی هاتنەدەرەوەی لەنێو مزگەوتی ئومەوی دەردەکەوێت و خەڵکی ناوچەکەش پێشوازی لێدەکەن.
بڵاوبوونەوەی دیمەنی سەردانەکەی ئیبراهیم کاڵن لە کاتێکدایە، دوای حکومەتی بەشار ئەسەد، حکومەتی راگوزەری سووریا پێکهێنراوە.
ڤیدیۆ؛ ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگەی هەواڵگریی تورکیا بۆ نوێژکردن چووە مزگەوتی ئومەوی لە دیمەشق.
ڤیدیۆ؛ ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگەی هەواڵگریی تورکیا بۆ نوێژکردن چووە مزگەوتی ئومەوی لە دیمەشق. pic.twitter.com/n2zAc1jfdz
— Rudaw (@Rudawkurdish) December 12, 2024
پێش سەردانەکەی ئیبراهیم کاڵن، باس لەوە کرا کە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیاش سەردانی دیمەشقی کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی ئێستای حکومەتی راگوزەر کۆبووەتەوە.
بەڵام میدیای فەرمیی تورکیا لە هەواڵێکدا رایگەیاند، هاکان فیدان ئەمڕۆ لە ئەنقەرە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پێکەوە پێشوازییان لە ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا کردووە.
میدیای فەرمیی تورکیا وێنەی شاندی تورکیای پێشانداوە و تێیدا هاکان فیدان لە نزیک ئەردۆغان لە کۆبوونەوەکەدا دەرکەوتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ