پۆلیسی تورکیا هەڵیکوتایە سەر چەند بارەگایەکی هەدەپە
رووداو - ئیستەنبوڵ
پۆلیسی تورکیا هەڵیکوتایە سەر چەند بارەگایەکی هەدەپە و 113 ئەندامی ئەو حیزبەی دەستگیر کرد.
هۆبەی بەرەنگاربوونەوی تیرۆر لە پۆلیسی ئیستەنبوڵ بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 12-12-2016 هەڵیانکوتایە سەر بارەگای هەدەپە لەو شارە و ماڵی ژمارەیەک بەرپرسی پارتەکە. لە ئاکامی ئۆپەراسیۆنەکەدا، ئایسەل گوزەل، هاوسەرۆکی لقی ئیستەنبوڵی هەدەپە و 19 کەسی دیکە دەستگیر کران.
لە ئەنقەرەش بەهەمانشێوە پۆلیس هەڵیکوتایە سەر بارەگا و ماڵی ئەندامانی هەدەپە، ئیبراهیم بینجی، هاوسەرۆکی لقی ئەنقەرەی هەدەپە و 16 کەسی دیکەی دەستگیر کرد.
لە شاری مێرسینیش بەهەمانشێوە لە ئۆپەراسیۆنێکی پۆلیسدا بۆ سەر بارەگای هەدەپە و ماڵ و شوێنی کاری ئەندامانی ئەو پارتە، 51 کەس دەستگیرکران کە هاوسەرۆکی لقی هەدەپە لە شارەکە و سەرۆک شارەوانی ئاکدەنیزیشیان لەنێودایە.
لە ئەدەنەش لە ئۆپەراسیۆنێکی پۆلیسدا کە بە بەشداری 500 پۆلیس بەڕێوەچوو، 25 ئەندامی هەدەپە دەستگیرکران.