وەزیرانی بەرگریی تورکیا و ئەمریکا لەبارەی S400 پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا


رووداو- ئەنقەرە

خوڵوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ مارک ئێسپەر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا بەوەکالەت ئەنجامدا.

بەگوێرەی میدیای تورکیا، لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا ئاکار و ئێسپەر تاوتوێی کڕینی سیستمی ئێس 400ی رووسی لە لایەن تورکیاوە و پێشھاتەکانی سووریایان کردووە. 

میدیای تورکیا دەڵێت، خوڵوسی ئاکار رایگەیاندووە، کڕینی سیستمی S-400 بژاردە نییە، بەڵکو پێویستییە. ھەڵسەنگاندن لەبارەی سیستەمی پاتریۆت-یش بەردەوامە". 

بەگوێرەی میدیای تورکیا، ھەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا ئاکار جەختیکردوەتەوە کە تورکیا ھاوبەشی پڕۆژەی F-35ـە و پێویستە بەردەوامبێت. 

ئاکار جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە ھەڵوێستی تورکیا نەگۆڕاوە و گشت بەرپرسیاریەتییەکاتی خۆی لەبارەی فڕۆکەی جەنگیی F-35 بەجێگەیاندووە، جەختیشی لەوە کردەوە کە بە کڕینی S-400 گۆڕانکاری لە ھەڵوێستی ستراتیژی رووینەداوە و زیانگەیاندن بە پەیوەندییەکانی ھەردوو وڵات، لە بەرژەوەندی تورکیا و ئەمریکا و ناتۆدا نییە.