لە شەش رۆژدا 48 کەس بە رووداوی هاتووچۆ لە تورکیا گیانیان لەدەستداوە
رووداو دیجیتاڵ
لە شەش رۆژی پشووی جەژندا 48 کەس بە رووداوی هاتووچۆ لە باکووری کوردستان و تورکیا گیانیان لەدەستداوە و شەش هەزار و 184 کەسی دیکەش بریندار بوون.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا ئەمڕۆ هەینی، 12ـی نیسانی 2024، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە، 11ـی نیسانی 2024، لە شەشەمین رۆژی پشووی جەژنی رەمەزاندا 635 رووداوی هاتووچۆ روویاندا.
وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، بە هەژمارکردنی ئەو 635 رووداوە، ژمارەی رووداوەکانی هاتووچۆ لە شەش رۆژی پشووی جەژندا گەیشتە سێ هەزار و 706 رووداو و لە هەموویاندا 48 کەس گیانیان لەدەستداوە و شەش هەزار و 184ی دیکەش بریندار بوون.
پشووی جەژن لە تورکیا و باکووری کوردستان رۆژی 6ی ئەم مانگە دەستی پێکرد.
یەرلیکایا ئاماژەی بەوە کرد، پۆلیسی هاتووچۆ لە پشووی جەژندا 24 کاژێر لە پشکنین بەردەوام بوون و لە ماوەی ئەو شەش رۆژەدا 391 هەزار و 472 ئۆتۆمبێل پشکنینیان بۆ کراوە.