تاك به‌رپرسیارێتی ته‌قینه‌وه‌کانی ئیسته‌نبوڵی گرته‌ئه‌ستۆ

رووداو - ئیسته‌نبوڵ

هه‌ڵۆکانی ئازادی كوردستان (تاک) به‌رپرسیارێتی ته‌قینه‌وه‌کانی ئیسته‌نبوڵی گرته‌ئه‌ستۆ، كە بەهۆیەوە 38 كەس كوژران و دەیانی دیكەش برینداربوون.

رۆژی یەكشەممە 11-12-2016 رێکخراوی هەڵۆکانی ئازادی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەکانی ئیستەنبوڵ راگەیاند و ئاماژەی بەوەشكرد ناسنامەی خۆکوژەکان لە رۆژانی داهاتوو ئاشکرا دەکرێن.

تاك دەڵێت "گەلی تورک ئامانجی ئێمە نین، تیمی تۆڵەسێنی ش.تیرەژ  چالاکییەکی زۆر وردیان ئەنجامدا، بەڵام چاوەڕێی ژیانێکی ئارام نەکەن لە تورکیا لەکاتێکدا دەستبەسەری سەرۆک ئاپۆ  بەردەوامە، فاشیزمی ئاکەپە-تورکیا هەموو رۆژێک لەسەر خاکی کوردستان ئەشکەنجە بدات، سوکایەتی بە جەستەی کچە گەنجەکان بکرێت و منداڵان کۆکوژ بکرێن. دەبێت گەلانی تورکیا داوای وەستاندنی ئەم فاشیزمە بکەن، چونکە تەنیا ئاکەپە بەرپرسە لەم کابوسە".

هەڵۆکانی ئازادی کوردستان بانگەشەی ئەوەی کردووە، لە تەقینەوەکاندا، کە لەلایەن دوو خۆکوژەوە ئەنجامدراون، زۆرتر لە 100 کەس کوژراون و لە رۆژانی داهاتووشدا ناوی خۆکوژەکان بڵاودەکەنەوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە، وەزارەتی تەندروستی تورکیا رایگەیاندووە، 38 کەس گیانیان لەدەستداوە و 155ی دیکەش برینداربوون، هێشتاش 14 بریندار لە ژێر چاودێری ورددان.

هەڵۆكانی ئازادی كوردستان



هەڵۆكانی ئازادی كوردستان ( تەیربازێ ئازادیا كوردستان TAK) لە ساڵی 1993دا دامەزراوە. لە 2004 دا بەشێوەیەكی چالاك راگەیێندراوە. رێكخراوەكە لە شوێنە گەشتیارییەكانی وەك "موغڵا، ئیزمیر، ئەنتاڵیا" كردەی خۆكوژی ئەنجامداوە. 

رێكخراوەكە لە 16ی تەموزی 2005 دا پاسێكی تەقاندەوە و لە ئاكامدا 20 كەس گیانیان لەدەستدا. لە 2006 دا هێرشیانكردە سەر بارەگای ئیستەنبوڵی ئاكپارتی، لە 28ی ئابی 2006 دا لە ئەنتاڵیا و مارماریس تەقینەوەیان ئەنجامدا و لەئاكامدا 3 كەس گیانیان لەدەستدا.

لە 22-6-2010 پاسێكی گواستنەوەی سەربازییان تەقاندەوە و لەئاكامدا 4 سەرباز و كەسێكی سڤیل گیانیان لەدەستدا.

لە 31-10-2010 لە تەقسیمی ئیستەنبوڵ تەقینەوەیەكیان ئەنجامدا و لە ئاكامدا 32 كەس برینداربوون، بەڵام دوای 4 رۆژ تەقینەوەكەی لەئەستۆگرت.

لە 20-9-2011 دا لە مەیدانی كزڵای ئەنقەرە تەقینەوەیەكیان ئەنجامدا، لەئاكامدا 3 كەس كوژران و 34 كەسی دیكە برینداربوون، بەڵام دوای 2 رۆژ تەقینەوەكەیان لە ئەستۆگرت.

لە 23-12-2015ـشدا لە فڕۆكەخانەی سەبیحەگۆكچەنی ئیستەنبوڵ هێرشێكیان ئەنجامدا و لە ئاكامدا كەسێك كوژرا، بەڵام دوای 2 رۆژ هێرشەكەی لەئە ستۆگرت.

بەشێك لە ئەندامەكانی TAK، پێشتر لەنێوی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)دا بوون، بەڵام بە باڵی ئۆپۆزسیۆنی پەكەكە ناسرابوون.

لەو بارەیەوە لە  2010دا رۆژ قەندیل، گوتەبێژی ئەوكاتەی پەكەكە بە سی ئێن ئێنی راگەیاند، ژمارەیەك لە ئەندامانی تاك لەناو پەكەكەدا بوون، بەڵام بەردەوام رەخنەیان لە سیاسەتی پەكەكە گرتووە.

ئەو ئەندامە ناڕازییانەی پەكەكە دواتر جیابوونەوە و لە 1993دا رێكخراوێكیان بۆ خۆیان دروستكرد.