رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی تورکیا ئامادەکاریی دەکات بۆ ئەوەی لە 15ی ئەم مانگە، میوانداری سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین بکات.
لەسەر بانگهێشتی فەرمیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، بڕیارە رۆژی 14ـی ئابی 2024، مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین، سەردانی ئەنقەرە بکات و زنجیرەیەک کۆبوونەوە و دیداری لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە دەبێت و گوتارێک لە پەرلەمان پێشکێش دەکات.
هەرچەندە پەرلەمانی تورکیا لە پشووی فەرمیدایە، بەڵام بەهۆی سەردانەکەی سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین؛ نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، بانگهێشتی ئەندامانی پەرلەمانی کردووە بۆ دانیشتنێکی نائاسایی کە خۆی بەڕێوەی دەبات. سەرۆککۆماری تورکیاش ئامادەی دانیشتنە نائاساییەکە دەبێت.
چاوەڕوان دەکرێت نوێنەرانی پارتەکان، هەروەها باڵیۆزانی وڵاتان لە تورکیا و نوێنەرانی نێردە دیپلۆماسییەکان و ژمارەیەک لە رۆژنامەڤانان بانگهێشتی دانیشتنە نائاساییەکەی پەرلەمانی تورکیا بکرێن.
هەروەها ئەو فەلەستینیانەی کە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر کەرتی غەززە بریندار بوون و ئێستا لە تورکیا چارەسەر وەردەگرن، بانگهێشتی دانیشتنە نائاساییەکە دەکرێن.
بەهۆی میوانداریکردنەکەی سەرۆکی فەلەستین، رێوشوێنە ئەمنییەکان لە پەرلەمانی تورکیا، تووندتر دەکرێن.
هاوکات بڕیارە سەرۆکی فەلەستین لە میوانداریکردنەکەیدا لە پەرلەمانی تورکیا، گوتارێک لەبارەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە پێشکێش بکات.
هەمان رۆژ، پێشانگایەک لە پەرلەمانی تورکیا دەکرێتەوە و وێنەی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس، لە کاتی دوایین سەردانەکەی بۆ تورکیا گیراوە، نمایش دەکرێت.
هەروەها لە پێشانگاکەدا، بەڵگەنامەکانی ئەرشیفی عوسمانی لەبارەی فەلەستین و راگەیێندراوەکانی پەرلەمانی تورکیا بۆ پشتیوانیکردن لە دۆزی گەلی فەلەستین نمایش دەکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ