رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای مانیسای تورکیا، رووداوێکی هاتووچۆ بووەهۆی گیانلەدەستدانی 4 کەس و برینداربوونی 3 کەسی دیکە.
بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 11ـی ئابی 2024، مینی پاسێک لەسەر رێگەی سەرەکیی شارۆچکەی ئەحمەدلی سەر بە پارێزگای مانیسا لە تورکیا بە خێراییەکی زۆر خۆی بە بارهەڵگرێکدا کێشا کە لە نزیک خواردنگەیەک وەستێندرابوو و لە ئەنجامدا 4 کەس لە سەرنشینی مینی پاسەکە گیانیان لەدەستدا و 3 کەسی دیکەش برینداربوون.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتووچۆی مانیسا بڵاویکردەوە، رووداوەکە لە ئەنجامی تیژڕۆیی مینی پاسەکە بووە کە لە نزیک چواڕیانە سەرەکییەکەی شارۆچکەکە لە کۆنترۆڵ دەرچووە و خۆی بە بارهەڵگرەکەدا کێشاوە.
سێ بریندارەکە دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە و رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتن کراون.
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی تورکیا، پار لە سەرتاسەری تورکیا و باکووری کوردستاندا 555 هەزار و 668 رووداوی هاتووچۆ روویاندابوو و بەو هۆیەوە دوو هەزار و 984 کەس گیانیان لەدەستدابوو و 354 هەزار و 323 کەسی دیکە بریندار ببوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ