چوار مانگە 35 هاونیشتمانیی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان لە بەغدا دەستگیر کراون
رووداو دیجیتاڵ
35 هاونیشتمانیی رۆژئاوای کوردستان کە بەشێکیان بۆ کارکردن و بەشێکی دیکەیشیان بۆ چارەسەری تەندروستی چووبوونە بەغدا، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراون، کەسوکارەکانیان چوار مانگە بەدوای رۆڵەکانیاندا وێڵن و دەڵێن، ترسیان هەیە رادەستی حکومەتی سووریا بکرێنەوە.
یەکێک لە کەسوکاری دەستگیراوەکان بە رووداوی گوت، "رۆڵەکانی ئێمە هەمووی خاوەن منداڵن، ئێمە بۆ کوێ بچین، ئەوان بەنیازن بیاندەنەوە سووریا، داوا لە سەرۆک بارزانی دەکەین منداڵەکانمان رزگار بکات لەو عەزابە، تکاتان لێدەکەین."
رەمەزان محەممەد، کەسوکاری یەکێکی دیکەیە لە دەستگیرکراوان و دەڵێت "ئێمە دەنگی خۆمان دەگەیێنینە هەرێمی کوردستان، سەرۆکی ئێمە مەسعود بارزانی نووری چاومان خاوەنی ئێمە، منداڵەکانمان رووبەڕووی مەرگ دەکەنەوە، بانگەواز لە هەموو جیهان دەکەین با هەموو بزانن بەغدا چی دەکات بەرامبەر رۆڵەکانمان بە پەنابەری سووری دەیانکاتە زیندان، زوڵممان لێ دەکەن دوای چوار مانگ بۆچی لەسەرەتاوە بەریاننەدان، چوار مانگە زوڵم و ستەمیان لێ دەکرێت و تووشی نەخۆشی بوونە."
حەسنە خەلیل، کەسوکاری دەستگیرکراوێکی دیکەیە و باس لەوە دەکات، "دکتۆری هەولێر پێیان گوتین بڕۆنە بەغدا لەوێ چارەسەری نەخۆشەکەتان هەیە، هاتینە ئێرە دوای سێ بۆ چوار رۆژ کۆچی دواییکرد، براکەم من تاکە خوشکی ئەوم، ناچاربووم لەگەڵی بێم، براکەم هێشتا لە دادپزیشکییە، هێشتا بەخاک نەسپێردرابوو، کوڕەکەم نەخۆش بوو بەخوا لای باوکیان بوون من کوڕەکەم بردە دکتۆر، چوار رۆژ لە نەخۆشخانە ماینەوە تا گەڕامەوە گوتم کوا باوکتان، گوتیان هێزی ئەمنی هاتووە بردوویانە."
رووداو پەیوەندی بە وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە کرد تاوەکو چارەنووسی ئەو کوردانەی رۆژئاوای کوردستان بزانێت، گوتەبێژی وەزارەتەکە رایگەیاند، یاساکانی هەرێمی کورستان و عێراق جیاوازن و ئەوان بە یاسای فیدراڵی مامەڵە دەکەن. گوتیشی لە هەوڵدان ئەو دەستگیرکراوانە لە بری سووریا، رەوانەی هەرێمی کوردستانیان بکەنەوە.
خالید مەحەنا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق گوتی، "لە ماددەی 110ی دەستوور ئەوە دووپاتدەکاتەوە کە دەسەڵاتی فیدراڵی چۆن بەکاردێت بەرامبەر ئەوانەی نشینگەیان نییە، هەروەها هەر کەسێک نشینگەی هەبێت لە دەرەوەی سنووری یاساکانی عێراق ئێمە دانیپێدا نانێین، سەبارەت بەو دەستگیرکراوانەش کە لە دەرەوەی یاسای نشینگە هاتوون، هەروەها لە هەرێمی کوردستانەوە هاتوون، دەیانگەڕێنینەوە بۆ هەرێمی کوردستان."
ئەو کۆچبەرانەی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریاوە هاتوونەتە نێو خاکی عێراق، ئەگەر لە سنوورەکانی کوردستانەوە بێت بەپێی یاساکانی عێراق بۆیان نییە لە هەرێمی کوردستانەوە بێنە ئەو ناوچانەی لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراقدان.