رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی تورکیا رایگەیاند، وڵاتەکەی سوورە لەسەر دروستکردنی رێڕەوێکی ئەمنی بە قووڵایی 30-40 کیلۆمەتر بە درێژایی سنوورەکانی لەگەڵ عێراق و سووریا.
رۆژی چوارشەممە 10ـی تەممووزی 2024، یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ گۆڤاری پۆلیتیکۆ لە بارەی جموجووڵەکانی سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند: "پێداگرین لەسەر دروستکردنی رێڕەوێکی ئەمنی بە قووڵایی 30-40 کیلۆمەتر بە درێژایی سنوورەکانمان لەگەڵ عێراق و سووریا."
لەشکرکێشی تورکیا بۆ نێو خاکی هەرێمی کوردستان چووەتە قۆناخێکی نوێوە، بە جۆرێک رۆژ بە رۆژ خاڵ و بنکەی سەربازیی زیاتر جێگیر دەکات و بە تەواوەتی لە ئاواییەکان نزیکبووەتەوە.
سەبارەت بە ناتۆ، یاشار گولەر باسی لەوە کردووە تورکیا بەهیچ شێوەیەک رێگە نادات دەریای رەش ببێتە ناوچەیەکی جەنگی ستراتیژی، بۆ ئەمەش بەشێک لە وڵاتانی ناتۆ پێیانوایە، "تورکیا وڵاتێکە جێی متمانە نییە" بەهۆی بێلایەنبوونی لە شەڕی رووسیا و ئۆکراینا.
وەزیری بەرگریی تورکیا گوتی: ''بە تەواوەتی ئەو لێدوانە رەتدەکەینەوە کە دەڵێن تورکیا جێی متمانە نییە. لە ژینگەیەکدا کە 32 هاوپەیمان پێکەوە بن، پێناچێت لە هەموو بابەتێکدا هەمان بۆچوونیان هەبێت. هەندێک وڵات هەوڵی دروستکردنی تێڕوانینێکی لەم شێوەیە دەدەن. تورکیا تاکە وڵاتە کە تاوەکو ئەمڕۆ هەردوو لایەنی جەنگی رووسیا - ئۆکراینا-ی لە کۆبوونەوە باڵاکاندا بەیەکەوە کۆکردووەتەوە."
یاشار گولەر باسی لەوەش کرد، "تورکیا ئامانجی ئەوەیە پیشەسازیی بەرگریی تەواو سەربەخۆ لەسەر بنەمای پشتبەستن بە بەرهەمی ناوخۆیی و نیشتمانی دروست بکات، بەوەیش ئابووریی وڵات بەهێزتر بکات."
وەزیرەکەی تورکیا لە هەڤپەیڤینەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە: "ئۆتۆمبێل و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، هێلیکۆپتەر، چەک و تەقەمەنی زیرەک، مووشەک، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی هەناردەی زۆر لە وڵاتان کراون."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ