رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئیی پارتی داوا لە سەرۆککۆماری تورکیا دەکات لە دیداری لەگەڵ سەرۆکی سووریادا پێداگری لە گەڕاندنەوەی پەنابەرانی سووریایی بکات و دەشڵێت: "لە هەر هەلومەرجێکدا بێت، پێویستە پەنابەرانی سووریا بگەڕێندرێنەوە وڵاتەکانیان."
پاشنیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە، 10ـی تەممووزی 2024، موساڤات دەرویشئۆغڵو، سەرۆکی ئیی پارتی لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا کە چوارشەممەی هەموو هەفتەیەک دەکرێت، گوتارێکی پێشکێش کرد.
موساڤات دەرویشئۆغڵو، لەبارەی هەوڵی تورکیا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سووریا پەیامێکی ئاراستەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کرد و رایگەیاند، "لە هەر هەلومەرجێکدا بێت، پێویستە پەنابەرانی سووریا بگەڕێندرێنەوە وڵاتەکانیان."
سەرۆکی ئەو پارتە گوتیشی: "هەرچەندە وڵات لە دۆخێکی خراپ و قەیراناویدا بێت، بەڵام ئەمە خاک و نیشتمانیی ئێمەیە، بۆ ئەوان (پەنابەرانی سووریا) گرنگ نییە تورکیا بە چ ئاقارێک و بە چ ئاراستەیەک دەڕوات."
سەرۆکی ئیی پارتی پێیوایە پەنابەرانی سووریا هۆکاری زیادبوونی رێژەی بێکاریی زۆر کێشەی دیکەن لە تورکیا و دەڵێت: "رۆڵەکانمان چاویان لە گەڕانەوەی ئەو پەنابەرانەیە بۆ ئەوەی بێنەوە سەرکار، هەلی کار بۆ خۆیان بڕەخسێنن، لە پاس و میترۆکاندا بە ئارامی هاتووچۆ بکەن، بۆ ئەوەی دایکان بەبێ ترس منداڵەکانیان لە پارک و هەوارگەکاندا بگەڕێنن و گەنجانمان بێ ئەوەی تووشی هیچ جۆرە کێشەیەک ببنەوە لەگەڵ هاوڕێکانیان لە کەشێکی ئارامدا کات بەسەر ببەن."
رۆژی 14ـی حوزەیرانی 2024، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، ئاماری کۆچبەر و پەناخوازە سووریاییە نیشتەجێبووەکان لە تورکیا و باکووری کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ژمارەیان سێ ملیۆن و 113 هەزار و 478 سووریایین. ملیۆنێک و 125 هەزار و 623 کەسیان مافی نیشتەجێبوونیان هەیە و 234 هەزار و 528 کەسیان لەژێر پاراستنی کاتیی لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە تورکیا نیشتەجێن.
رۆژی 5ـی تەممووزی 2024، رەجەب تەیب ئەردۆغان، لەبارەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ سووریا، گوتی: "رەنگە لەگەڵ بەڕێز پووتین بانگهێشتی بەشار ئەسەد بکەین. ئەگەر بەڕێز پووتین سەردانێکی بۆ تورکیا هەبێت، ئەوە سەرەتای ئەو قۆناخە دەبێت".
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها گوتی، "بەردەوام دەستی دۆستایەتیمان بۆ سووریا درێژ کردووە. لەپاڵ ئەو سووریایەدا دەبین کە گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی دادپەروەرانە و فرەچەشنی هەبێت و هەموو لایەنێک لەباوەش بگرێت".
ئەردۆغان 28ـی حوزەیرانیش لەبارەی هەمان بابەت قسەی کرد و گوتی: "هیچ هۆکارێک نییە رێگر بێت لەبەردەم ئاسایی نەکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سووریا. لە رابردوودا پێکەوە لەگەڵ سووریا پەرەمان بە پەیوەندییەکان دا، بەیەکەوە کار بۆ پەرەپێدانیان دەکەینەوە".
ئەردۆغان جارێکی دیکە دژایەتیی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ قەوارەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دووپاتکردەوە و رەخنەی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی گرت کە پاڵپشتی لە هەسەدە دەکەن و گوتی، "لە هەڵوێستی هاوپەیمانمان لە ناتۆ نیگەرانین کە پێچەوانەی رۆحیەتی هاوپەیمانی، ئێمەیان تەنیا جێهێشتووە و تەنانەت هانی رێکخراوێکی تیرۆریستی دەدەن کە پەل بهاوێت".
دوای سەرهەڵدانی قەیرانی سووریا لە ساڵی 2011، تورکیا پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق پچڕاند، بەڵام لە ساڵی 2021 دەستی بە هەوڵەکان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان کردەوە. لە تشرینی یەکەمی 2021 وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و سووریا لە بولگاریا کۆبوونەوە. ئەیلوولی رابردووش بە سەرپەرشتیی وەزیری بەرگریی رووسیا، هەردوو وەزیرانی بەرگریی تورکیا و سووریا لە مۆسکۆ کۆبوونەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ