ئەردۆغان لەگەڵ سەرۆكی سەندیكای پارێزەران تووشی دەمەقاڵێ دەبێت

10-05-2014
بێستون عوسمان
نیشانەکردن ئەردۆغان
A+ A-

رووداو - هەولێر

سەرۆك وەزیرانی توركیا لە رێوڕەسمی 146هەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئەنجوومەنی راوێژی دەوڵەتی وڵاتەكەی گوتاری سەرۆكی سەندیكای پارێزەران دەبڕێت وسووكایەتی پێدەكات.

10-5-2014 رێوڕەسمی 146 هەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئەنجوومەنی راوێژی دەوڵەتی توركیا بەڕێوەچوو. لە رێوڕەسمەكەدا هەر یەك لە عەبدوڵڵا گیول، سەرۆك كۆمار و رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆك وەزیران لەگەڵ سەرۆكی پارتە بەرهەڵستكارەكان ودادوەرانی دادگا بڵندەكانی توركیا ئامادەبوون.

لە كاتێكدا مەتین فەوزیئۆغڵو، سەرۆكی سەندیكای پارێزەران گووتاری پێشكەش دەكرد، رەجەب تەییب ئەردۆغان، بێزاری دەربڕی بەرامبەر قسەكانی فەوزیئۆغڵو و پێی گوت كە یەك كاژێرە قسە دەكات. سەرۆكی سەندیكای پارێزەران وەڵامی ئەردۆغانی دایەوە و داوای لێكرد هێمن بێت، بەڵام سەرۆك وەزیران بەردەوام بوو و فەوزیئۆغڵوی بە بێ ئەدەب و درۆكردن تۆمەتباركرد.

لەگەڵ ئەوەی كە عەبدوڵڵا گیولی سەرۆك كۆمار زۆر هەوڵیدا ئەردۆغان هێور بكاتەوە، بەڵام سەركەوتوو نەبوو. لە كۆتاییدا بە پێچەوانەی پرۆتۆكۆڵە فەرمییەكانەوە، سەرۆك وەزیران بێ چاوەڕێكردنی كۆتاییهاتنی رێوڕەسمەكە هۆڵەكەی
بە جێهێشت.

پێشتریش هاشم كڵچ، سەرۆكی دادگای دەستووریی توركیا لە رێوڕەسمێكی فەرمیدا،رووبەڕوو رەخنەی تووندی لە ئەردۆغان گرتبوو، بەڵام ئەردۆغان قسەكانی پێنەبڕیبوو و وەڵامی نەدابووەوە.



کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە