رووداو دیجیتاڵ
تیمێکی فریاگوزاریی بەریتانی لە شاری ئەنتاکیای پارێزگای هاتای لە باشووری تورکیا بەدوای ئەوانەدا دەگەڕێن کە هێشتا لەژێر باڵەخانە داڕماوەکاندان.
مارک دەیڤی، ئەندامی تیمی فریاگوزاریی بەریتانی دەڵێت، "لێرەین بۆ پشکنین و هەڵمەتی رزگارکردن لەم ناوچەیە و هەڵسەنگاندنیشی بۆ دەکەین، پشکنین بۆ تەواوی ناوچەکە دەکەین. لەو بڕوایەدام نزیکەی 40 تیمی پشکنین و رزگارکردن لێرەن و شەقام بە شەقام دەگەڕێین و زانیاری کۆدەکەینەوە. دواتر ئەو زانیارییانە دەنێرینەوە سەنتەر و لەوێ ئامادەکاری دەکەین، بە کەلوپەلی پێویستەوە دێینەوە بە هیوای ئەوەی هەواڵێکی خۆش بدەینە کەسوکاریان."
لەدوای بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان و تورکیا، نزیکەی 24 وڵات تیمی فریاگوزارییان بۆ تورکیا و سووریا ناردووە، بەو هیوایەی ئومێد بۆ خەڵکە لێقەوماوەکە بگەڕێننەوە.
جەنگیز تەبوور، کەسوکاری رزگاربوو دەڵێت، "مامم و دوو ئامۆزام رزگار کران، خۆشحاڵم. دوو کاژێر دەبێت رزگار کراون. رەوانەی نەخۆشخانەمان کردن و دۆخیان باشە، سوپاس بۆ خودا."
حوسێن کالکان، کەسوکاری قوربانی دەڵێت، "چوار رۆژە تیمی گەڕان و رزگارکردن هەموو هەوڵێکیان داوە بۆ رزگارکردنی خەڵکەکە، ئەگەر رۆژی یەکەم یان دووەم بووایە، هیوا هەبوو بە زیندوویی رزگاریان بکەین، بەڵام کە بووەتە چوارەم رۆژ، هیوامان لەدەستداوە."
بەریتانیا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی لە یەکەم رۆژەوە تیمێکی 76 کارمەندیی فریاگوزاریی لەگەڵ کەلوپەلی تایبەتی گەڕان و رزگارکردن و سەگی راهێنراوی رەوانەی تورکیا کرد بۆ هاوکاریکردن لە گەڕان بەدوای قوربانیاندا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ