لە مەڵەتی کەسێک کە بەهۆی هەڕەشەکردن لە کەنیسەیەک دەستبەسەرکرابوو، ئازاد کرا

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە پارێزگای مەڵەتی باکووری کوردستان کەسێک کە بەهۆی هەڕەشەکردن لە کەنیسە دەستبەسەر کرابوو، ئازاد کرا. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی پارێزگای مەڵەتی کە بەرەبەیانی رۆژی هەینی 9ی ئەیلولی 2022 بڵاوکراوەتەوە، ئەو کەسەی بە تۆمەتی هەڕەشەکردن لە کەنیسەی کورتولوش لە شاری مەڵەتی دەستبەسەر کرابوو، بە مەرجی کۆنترۆڵکردنی دادوەری لە دادگە ئازاد کراوە. 
 
لە راگەییندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، لێکۆڵینەوەیەکی فرەلایەن بەردەوامە لەبارەی دەنگۆی "هەڕەشەکردن لە کەنیسە" کە لە هەندێک لە میدیاکاندا بڵاوکراوەتەوە. 
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: دوای داواکاری بەڕێوەبەرانی لقی مەڵەتی کۆمەڵەی کڵێساکانی کورتولوش، تیمەکانی هۆبەی دژە تیرۆری سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیسی مەڵەتی، کەسێکیان بە ناوی "ت. ئـ" دەستبەسەرکرد کە گومان دەکرێ هەڕەشەی هێرشکردنە سەر کەنیسەکەی کردبێت. دوای ئەوەی درایە دادگە بەمەرجی دادی ئازاد کرا. 
 
پارێزگای مەڵەتی هەروەها دەڵێ، رێوشوێنی پاراستن بۆ کارگێڕانی کەنیسەکە گیراوەتەبەر.
 
بڵاوکردنەوەی ئەم راگەیێندراوە لەلایەن پارێزگای مەڵەتی دوای ئەوە هات، رۆژی 5ی ئەیلولی 2022، ڤەدات سەرین، نوێنەر و کارمەندی لقی مەڵەتی کۆمەڵەی کەنیسەکانی کورتولوش بەهۆی هەڕەشەکردن لێی سکاڵای تۆمارکرد. ئەمەش نیگەرانییەکی دروستکرد کە رەنگە کۆمەڵکوژییەکی نوێ رووبدات. 
 
سێرین لە داواکارییەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە، سێ بۆ چوار مانگ لەمەوبەر کەسێک بەناوی "ت. ئـ" لەو گەڕەکەی کە کۆمەڵەی کەنیسەکەی لێیە لە دواوە هاتووە گوتوویەتی، "برا ڤەدات چۆنیت؟"، ئەو کەسەی نەناسیوەتەوە، بەڵام بەردەوام بووە تاوەکو قسە بکات.
 
سێرین دەڵێ: "ت. ئـ" کە بۆ ماوەیەک لە یەکێک لە گەڕەکەکانی مەڵەتی سەرۆکی رێکخستنەکانی لاوانی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە بوو، باسی ئەوەی بۆ کردووم کە ئەندامانی سڤیلی ژیتەم و کارمەندانی سەربازی لەگەڵ کەسێکی بەتەمەن لە بارەگای رێکخستنەکانی لاوانی مەهەپە لە مەڵەتی پێیانگوتووە، "لە مەڵەتی مسیۆنەر هەن، ئەم دۆخە بۆ نیشتمانەکەمان باش نییە، ڤەدات سەرین لە مەڵەتی و ئیحسان ئۆزبەک لە ئەنقەرە هەن. ناو و ناونیشان و وێنەی ڤەدات سەرین، ئیحسان ئۆزبەکـیان داوە بەو کەسە لەگەڵ وێنە و ناونیشانی کەسێكی دیکە بەناوی تیمۆسی وێسلی ستۆن کە پێشتر لە مەڵەتی ژیاوە. پێیانگوتووە، ئەم کەسانە بکوژە، هەرچییەکت بوێ دەتدەینێ." 
 
ڤەدات سەرین  هەروەها دەڵێ، "دوای ئەوەی 'ت. ئـ' پێیگوتوون، ئەو تاوانە ناکات، رێگریان له‌ هه‌موو چالاكییه‌ بازرگانییه‌كانی کردووە". ڤەدات داوای کردووە رێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر بۆ پاراستنی گیانی و سزادانی ئەوانەی کە لە پشت هەڕەشەکەن.
 
پێشتر لە مەڵەتی لە 18ی نیسانی 2007دا کۆمەڵکوژییەک لە دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی زیرڤە روویدا کە پەرتووکیان لەبارەی مەسیحییەت چاپ و بڵاو دەکردەوە. سێ کەسی مەسیحی کە یەکێکیان ئەڵمان و دووانیان هاووڵاتی تورکیا بوون تەرمەکانیان بەسەربڕاوی دۆزرایەوە. لە شوێنی رووداوەکەدا پێنج تۆمەتبار دەستگیرکران.