رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دادی تورکیا دەڵێت، ژمارەی ئەو کەسانەی بە هۆکاری کەمتەرخەمی لە دروستکردنی باڵەخانە و پابەندنەبوون بە رێنماییەکانەوە لە باکووری کوردستان و تورکیا زیندانیکراون، گەیشتووەتە 351 کەس.
یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییدا لە پارێزگای سەمسووری باکووری کوردستان رایگەیاند، لە بوومەلەرزەکەی مەڕەشەوە 1757 هاووڵاتی دەستبەسەرکراون کە بەڵێندەر بوون و لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەدا باڵەخانە دروستکراوەکانیان رووخاون.
یڵماز تونچ گوتی، لەو ژمارەیە 351 گومانلێکراو بە بڕیاری دادگە خراونەتە زیندانەوە.
سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی یەکی ئاداری 2023 گوتی، بەهۆی بوومەلەرزەکەی مەرەشەوە لە 11 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا 203 هەزار و 958 باڵەخانە کە لە 583 هەزار و 628 شوقە پێکدەهاتن، رووخاون و زیانی زۆریان بەرکەوتووە و ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوانەی زیانی زۆریان بەرکەوتووە پێویستە بەپەلە بڕوخێندرێن.
بەگوێرەی داتای فەرمییەکان، بەهۆی بوومەلەرزەکەی مەرەشەوە لە هەشت پارێزگای باکووری کوردستان و سێ پارێزگای تورکیا 50 هەزار و 500 کەس گیانیان لەدەستدا.
بوومەلەرزەکە کاریگەریی گەورەیشی لەسەر رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەبوو و نزیکەی شەش هەزار کەسیش لەوێ گیانیان لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ