پەرلەمانتارانی هەدەپە و ئاکپارتی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ تورکیا بەرزدەنرخێنن

رووداو - ئەنقەرە 

بەرپرسانی ئاکپارتی و هەدەپە پێیانوایە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ تورکیا، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەنقەرە بەرەوپێش دەبات.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمی راگەیاندنی سیستەمی نوێی تورکیا لەسەر بانگهێشتی فەرمیی سەرۆکی تورکیا، سەردانی ئەنقەرەی کرد، بەپێی ئاکپارتیش ئەو سەردانە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و هەولێر گرنگە.

بەهەمان شێوەی ئاکپارتی، گەورەترین پارتی کوردیش لە باکووری کوردستان کە هەدەپەیە، پشتگیری لە هەوڵەکانی باشترکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا دەکات.
 
زیڤەر ئۆزدەمیر، پەرلەمانتاری ئاکپارتی لەمبارەیەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "هاتنی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی و بەشداریکردنی لە مەراسیمەکەدا، هەم بۆ هەرێمی کوردستان و هەم بۆ تورکیاش گرنگە".

پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) پێی وایە پێویستە کە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا باش ببن، بەڵام هەدەپە لەهەمان کاتدا دەخوازێت هەوڵی دیپلۆماسی لەپێناو یەکێتیی کورداندا بدرێت.

عومەر ئۆجەلان، پەرلەمانتاری هەدەپە دەڵێ "پێویستە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان تێکەڵییان لەگەڵ تورکیادا هەبێت، بەڵام لەهەمان کاتیشدا دەبێت رێبازێکیش بۆ ئەوە هەبێت".

سەفین دزەیی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو "راستە سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی زۆر وڵات بەشداری لە رێوڕەسمەکەدا دەکەن و دەرفەتی دیداری تایبەت نابێت، بەڵام ئەمە هەنگاوێکی باشە. ئێمە وای دەبینین دووبارە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا باش دەبنەوە".


داڕشتنەوە: هەڵات رێبوار