سەرۆکی جەهەپە: بەمنزیکانە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە تورکیا دەکرێت

07-07-2024
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە پارێزگای ئەدیرنە-ی تورکیا رایگەیاند، بەهۆی خراپیی دۆخی ئابووریی وڵات، بەمنزیکانە هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکرێت. 
 
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، 7ـی تەممووزی 2024، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە سەردانی پارێزگای ئەدیرنەی کرد، کە پارتەکەی سەرۆکایەتیی شارەوانییەکانی ئەم پارێزگەی بردەوە و لە رێوڕەسمێکدا گوتارێکی پێشکێشی ئەندامان و لایەنگرانی کرد. 
 
ئۆزگور ئۆزەل لە بەشێکی گوتارەکەیدا رەخنەی تووندی لە دەسەڵات گرت و رایگەیاند، ئەمڕۆ کەمترین مووچە 17 هەزار لیرەیە، بەڵام بەهۆی هەڵاوسان و بێبەهایی لیرەی تورکی توانای کڕین روو لە داکشانە. 17 هەزار لیرە ئەمڕۆ یەکسانە بە 13 هەزار لیرە. تا کۆتایی ساڵ بەهای راستەقینەی ئەم 17 هەزار لیرەیە دەبێتە نۆ هەزار. 
 
باسی لەوەشکرد، دەسەڵات لە شەش مانگی رابردوودا بە رەوای نەزانی مووچەی خانەنشینان زیاد بکات. 10 هەزار لیرەی مووچەی خانەنشینان زۆر کەمە. یان نرخی کاڵاکان بەرزمەکەنەوە یان چارەسەرێکی خێرا بۆ قەیرانی هەڵاوسان بدۆزنەوە. لەپاڵ ئەمەشدا رۆژ دوای رۆژ باجەکان زیاد دەکەن. هەموو ئەمانە هۆکارن بۆ ئەوەی کاریگەریی راستەوخۆی بەسەر قووتی خەڵکەوە هەبێت. 
 
گوتیشی: پەیامم بۆ دەسەڵات ئەوەیە، وەک چۆن قەیرانی ئابووریتان دروستکرد و هۆکار بوون لە بەرزبوونەوەی هەڵاوسان، خۆشتان چارەسەری بکەن، بە پێچەوانەوە خەڵک تا بینەقاقای هاتووە و چیدی بەرگەی ئەم هەموو گوشارە ناگرێت.
 
هەروەها راشیگەیاند، "ئەگەر ئێوە ئەم کارە نەکەن، پارتەکەی ئەتاتورک ئەم کارە دەکات. قووتی خەڵک لە هەڕەشەدا بێت، دڵنیاتان دەکەمەوە بەمنزیکانە هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکرێت. خانەنشینەکان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا پەیامی پێدان، ئەمجارەش جووتیاران، پیشەگەران، خاوەن کەمترین مووچە و هاووڵاتییانیش لە سندووقی دەنگدان وەڵامتان دەدەنەوە."
 
رۆژی 5ـی مانگ، رەجەب تەیب ئەردۆغان، لەبارەی بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەختە کە دەم پارتی و دواتر جەهەپە خستوویانەتە رۆژەڤی سیاسیی تورکیاوە رایگەیاند، لە سیستمی سەرۆکایەتیی کۆماردا شتێک نییە بەناوی هەڵبژاردنی پێشوەختە، ئەم حکومەتە بە دەنگی زۆرینەی خەڵک دەسەڵاتی پێدراوە تا 2028 وڵات بەڕێوەببات. 
 
بۆ هەنگاوە نوێیەکانی حکومەت کە بۆ دۆخی ئابووری و سیاسەتی چاکسازیی ئابووری وڵاتەکە گیراونەتەبەر، ئەردۆغان رایگەیاند، ئەوە سەرەتای دابەزینی هەڵاوەسان بوو و بە خێراییەوە بەردەوام دەبێت. "گەورەترین خزمەت کە دەتوانین بۆ کەم داهاتەکان و خانەنشینان ئەنجامی بدەین، بێئەوەی کە پڕوپاگەندی پۆپۆلیستی بکەین، دابەزاندنی هەڵاوسانە بۆ ئاستی تاکخانەیی. یەدەگی (بانکی ناوەندی تورکیا) گەیشتووەتە ١٤٥ ملیار دۆلار. لە دوای هەڵبژاردنی مانگی ئادارەوە، باشتر بوونی یەدەگی بانکیمان نزیکەی ٨٠ ملیار دۆلار بووە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەنگدانەکە لە 26-3-2025 لە گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ بەڕێوەچوو.

جەهەپەییەک بە شوێنگرەوەی ئیمامئۆغڵو هەڵبژێردرا

لە سێیەم گەڕی هەڵبژاردنی شوێنگرەوەی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، نووری ئەسڵان، بریکاری سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ کە بەربژێری جەهەپە بوو، بە بریکار هەڵبژێردرا.