رووداو دیجیتاڵ
لە نیوەشەوی رابردووەوە لێزمەباران بەشێکی زۆری پارێزگای ئەنتالیای تورکیای گرتوەتەوە. زیاتر لە شەش کاژێرە گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەی شاری ئەنتالیاوە راگیراون.
ئەمڕۆ هەینی (7ـی حوەزەیرانی 2024) پارێزگای ئەنتالیا راگەیێندراوێکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردەوە و هۆکاری زیاتر لە شەش کاژێر راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی لە فڕۆکەخانەی ئەنتالیاوە بۆ خراپی کەشوهەوا گەڕاندەوە.
پارێزگای ئەنتالیا دەڵێت، لێزمەباران بە رادەیەک کاریگەرە، ئەنجامدانی گەشتە ئاسمانییەکان مەترسیدارە.
بارانبارینەکە کێشەی هاتووچۆی بۆ هاووڵاتیان دروستکردووە. تیمەکانی شارەوانی بە ئامێرەکانی کارکردنەوە لەو شوێنانەی ئاو کۆبووەتەوە کاردەکەن بۆ ئەوەی رێگری لە داخستنی رێگە کان بکەن.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی تورکیا هۆشداری دەدات لە ئەگەری بارانبارینی زیاتر و دەشڵێت، پلەی گەرما زیاتر دادەبەزێت و بارانەکە تا رۆژی 9ـی مانگ بەردەوام دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ