زانکۆی لۆزان: نزیکەی 350 هەزار کەس لە زیندانەکانی تورکیان
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی راپۆرتی زانکۆی لۆزان سەبارەت بە زیندانەکانی تورکیا، تاوەکو 31ـی کانوونی دووەمی 2023 نزیکەی 350 هەزار کەس لەو وڵاتەدا زیندانیکراون یان حوکمیان بەسەردا سەپێنراوە. بەمەش تورکیا لە رووی زۆری ژمارەی زیندانیانەوە لە ریزبەندی یەکەمی وڵاتانی ئەندامی کۆنسەی ئەورووپادایە.
زانکۆی لۆزان راپۆرتێکی لەسەر ئاماری زیندانەکان ئامادە کردووە و ئاماژەی بەوەداوە، ژمارەی ئەوانەی لە وڵاتانی ئەندامی کۆنسەی ئەورووپا لە زیندانەکاندان لە زیادبووندایە.
بە گوێرەی ئامارەکە، تاوەکو 31ـی کانوونی دووەمی 2023 لە تورکیا و باکووری کوردستان 348 هەزار و 265 زیندانی هەبووە و دوای ئەوە بەریتانیا بە 90 هەزار و 964 زیندانی لە پلەی دووەمدایە.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، لە نێوان ساڵانی 2005 تاوەکو سەرەتای 2023 لە نێوان ئەو وڵاتانەی ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە 500 هەزار کەسە، تورکیا جارێکی دیکە بە ژمارەی زیندانییەکانی لە پلەی یەکەمدایە.
بەپێی ئەو داتایانە بێت، لە تورکیا و باکووری کوردستان لە ماوەی 18 ساڵدا لە نێوان ساڵانی 2005 بۆ 2023 ژمارەی ئەوانەی لە زیندانن 439٪ زیادیکردووە. لە دوای تورکیاش قوبرس دێت کە 76٪ ژمارەی زیندانییەکانی زیادیکردووە.
راپۆرتی زانکۆی لۆزان
ژمارەی دانیشتووانی زیندانیای لە وڵاتانی ئەورووپا تاوەکو 31ـی کانوونی دووەمی 2023
تورکیا: 348 هەزار و 265 کەس
بەریتانیا: 90 هەزار و 964
فەرەنسا: 72 هەزار و 294 کەس
پۆڵەندا: 71 هەزار و 228 کەس
ئەڵمانیا: 58 هەزار و 98
ئیتاڵیا: 56 هەزار و 127 کەس