رووداو دیجیتاڵ
لەسەر سکاڵایەکی هاووڵاتییەکی عێراقی دانیشتووی تورکیا، سەرۆکی شارەوانیی پارێزگای ئافیۆن لە تورکیا بانگهێشتی دادگە کراوە و گوتەی لێ وەرگیراوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (6ـی حوزەیرانی 2024)، بورجو کۆکسال، سەرۆکی شارەوانیی پارێزگای ئافیۆن، کە لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا رایگەیاندبوو، جگە لە دەم پارتی دەرگای شارەوانییەکەی بۆ سەرجەم لایەنە سیاسییەکان کراوە دەبێت و بە دژایەتیکردنی بۆ کۆچبەران و پەنابەران ناسراوە، لەسەر سکاڵایەکی هاووڵاتییەکی عێراقی دانیشتووی ئەو شارە، بانگهێشتی دادگە کرا و گوتەکانی لێ وەرگیرا.
پارێزگای ئافیۆن لەمبارەیەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە ئاماژەی بەوەداوە، هاووڵاتییەکی عێراقی دانیشتووی شارەکە، بۆ کردنەوەی هۆڵی لەشجوانی، سەرجەم مامەڵە پێویستەکانی راییکردووە بەڵام سەرۆکی شارەوانیی مۆڵەتی کردنەوەی هۆڵەکەی پێنەداوە و دۆسیەکەی بەتەواوەتی داخستووە.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، لەسەر ئەم بنەمایە هاووڵاتییە عێراقییەکە سکاڵای تۆمارکردووە و دادگەی کارگێڕیش بانگهێشی بورجو کۆکسال-ی کردووە و گوتەی لێوەرگیراوە. تێیدا پێداگری کردووە لەوەی مۆڵەتی کارکردن بە کۆچبەران و پەنابەران نادات. "من تەنیا سەرۆکی شارەوانیی هاووڵاتییانی تورکیام و خزمەتگوزارییەکان تەنیا هاووڵاتییانی وڵاتەکەم دەگرێتەوە."
هەر ئەم سەرۆک شارەوانییەی جەهەپە، رۆژی 4ـی ئایاری 2024، لە نوێترین بڕیاریدا رایگەیاندبوو، کرێی ئەم ساڵی مارەبڕینی دەستگیرانداران، 400 لیرە (نزیکەی 16 هەزار و 250 دینار) دەستنیشانکراوە. بەڵام بۆ کۆچبەران هەمان نرخ نییە، بەڵکو 25 هێندەی بەهاکەی گرانتر کردووە و گەیاندوویەتییە 10 هەزار لیرە (نزیکەی نزیکەی 403 هەزار و 750 دینار).
بورجو کۆکسەل لە راگەیێندراوەکەیدا نووسیبووی، هەموو ئەو بەڵێنانەی لە کارنامەکانماندا رامانگەیاندووە جێبەجێیان دەکەین. شارەوانییەکەمان تەنیا خزمەتی هاووڵاتییانی دەکات. کۆچبەران لە خزمەتگوزارییەکان سوودمەند نابن، بەپێچەوانەوە ئەرکیان قورستر دەبێت.
لە بانگەشەی هەڵبژاردندا، بورجو کۆکسەل رایگەیاندبوو، کۆچبەران لە شاری ئافیۆن جێیان نابێتەوە و شارەوانییەکە تەنیا خزمەتی هاووڵاتییانی دەکات و بەگرتنەبەری رێکاری توند، کۆچبەران ناچار دەکات لەم شارە بچنە دەرەوە. هاتووین بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان، نەک کۆچبەران.
یەکەم بڕیاری ئەو سەرۆک شارەوانییەی جەهەپە لە دژی کۆچبەران، لێکردنەوەی سەرجەم تابلۆ عەرەبیی و بیانییەکان و داخستنی شوێنکاری کۆچبەرانی سووریاییەکان بوو. ئەوانەی مۆڵەتیشیان هەیە، پێیان راگەیێندرا کە مۆڵەتی کارکردنیان بۆ نوێ ناکرێتەوە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، 10 هەزار و 794 کۆچبەری سووریایی لە شاری ئافیۆن نیشتەجێن.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستاندا، کە رۆژی 31ـی ئاداری 2024 بەڕێوەچوو، بورجو کۆکسال 50.73٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و شارەوانیی شاری ئافیۆنی لە ئاکپارتی سەندەوە. حوسێن جەیلان، بەربژێری ئاکپارتی 31.82٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنابوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ