رووداو دیجیتاڵ
پلاتفۆرمی "تاوانەکانی دژی ژنان دەوەستێنین KCDP"، راپۆرتێكی لەبارەی تووندوتیژی دژ بەژنان لەسەرانسەری توركیا و باكووری كوردستان بڵاوكردەوە و رایگەیاند، لە مانگی ئایاری ئەم ساڵدا، 40 ژن كوژراون و 20 ژنی دیكەش بەشێوەیەكی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەكەی مانگی ئایاری پلاتفۆرمەكە، 15 ژن بەدەست هاوژینەكانیان، شەش ژن بەدەست باوکیان، چوار ژن بەدەستی خۆشەویستەکانیان، حەوت ژن بەدەست خزمەکانیان، دوو ژن بەدەستی خۆشەویستە پێشووەکانیان، دوو ژن بەدەستی هاوژینی پێشوویان، ژنێک بەدەست براکەی، ژنێک بەدەست کوڕەکەی، دوو ژن بەدەست کەسانی نەناسراوەوە كوژراون. بەوپێیە 38٪ی ژنان لەلایەن هاوژینەکانیانەوە کوژراون.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، 25 ژن لەنێو ماڵەكانیاندا، شەش ژن لە شەقام، دوو ژن لە چۆڵەوانی، دوو ژن لە شوێنکار، دوو ژن لەنێو ئۆتۆمبێل و سێ ژن لە شوێنی نادیار كوژراون.
لە مانگی ئایاردا، 34 ژن لە شارەکانی تورکیا و شەش ژن لە باکووری کوردستان کوژراون. زۆرترینیان لە ئیستەنبووڵ کوژراون کە حەوت ژن بوون.
بەگوێرەی ئامارەكانی ئەو پلاتفۆرمە، لە تورکیا و باکووری کوردستان لە ساڵی 2023دا 315، لە ساڵی 2022دا 398، لە ساڵی 2021دا 367 و لە ساڵی 2020یشدا 300 ژن کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ