رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی کاردانەوەکان لە دژی دانانی قەییوم و زیندانیکردنی سەرۆکی شارەوانیی جۆلەمێرگ رایگەیاند، تیرۆر و سیاسەتی مەدەنی لەگەڵ یەکدی ناگونجێن، تیرۆر و دیموکراسی لەپاڵ یەک نابن. دەشڵێت: "هەکاری هەنگاوی یەکەمی رێکارە یاساییەکانمان بوو، هەنگاوی دیکەشی بەدوادا دێت."
ئێوارەی چوارشەممە 5ـی حوزەیرانی 2024 رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار بەشداری لە رێوڕەسمی هەشتەمین خەڵاتی میدیایی کرد، کە لەلایەن فیدراسیۆنی وەشانکەرانی ئانادۆڵ رێکخرابوو. ئەردۆغان لەوێ گوتارێکی پێشکێش کرد.
سەرۆککۆمار باسی لە دانانی قەییوم و سزادانی سەرۆکی شارەوانی جۆلەمێرگی کرد و گوتی: "ئەو بڕیارەی دەسەڵاتی دادوەری لەبارەی هەکاری داویەتی، کەس نیگەران نەکات. دەسەڵاتی دادوەری لێرە نەک بە یاسا، بەڵکو پشت بە مافەکان رای خۆی دەربڕیووە و لەسەر ئەو بنەمایە بڕیاریداوە."
سەرۆککۆماری تورکیا تیشکی خستە سەر کاردانەوەی ئەندامانی دەم پارتی لە دژی بڕیارەکە و گوتی: "ئێرە پەرلەمانی کۆماری تورکیایە کە تەنیا یاسا تێیدا سەروەرە. لەوێ بە بەرزکردنەوەی دروشم و شەق وەشاندن بۆ راست و چەپ، هیچ سوودی بۆ ئێوە نابێت. چونکە لەوێش لە بەرامبەر ئێوە پەرلەمانتار هەن بەرگریی لە یاساکان دەکەن. رێگەشمان بە خزمەتکارانی باڵی سیاسیی رێکخراوی تیرۆریستی نەدا، ئیرادەی میللی بخەنە ژێر هەڕەشەوە".
گوتیشی: "هیچ وڵاتێکی مەدەنی لەم جیهانەدا، چاوپۆشی لە بۆمبڕێژکردنی دیموکراسی وڵاتەکەی نەکردووە و ناکات. هیچ وڵاتێکی دیموکراسی رێگە بەوە نادات ئەو تیرۆریستانەی دەستیان بە خوێنی گەل سوورە تونێل لێبدەن و دزە بکەنە نێو شارەوانییەکان".
ئەردۆغان هۆشدارییەکانی وەبیر دەم پارتی هێنایەوە کە پێش هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دابوونی و گوتی: "پێس 31ـی ئادار چیمان گوت؟ ئەگەر بێتوو بەربژێرەکانتان لە هەر کارێکی ناڕەوا و نایاساییدا تێوەنەگلابێت، هیچ کێشەیەکمان لەگەڵیان نابێت، بەڵام پێچەوانەکەی کردبێت، ئێمەش ناچارین رێکارە یاساییەکان بگرینەبەر و دەگرینەبەر. هەکاری هەنگاوی یەکەمی ئەو رێکارە یاساییانەمانە. یاساش کاری خۆی کردووە و لەمەودواش بەردەوام ئەرکەکانی ئەنجام دەدات."
ئەردۆغان هێرشی کردە سەر پەرلەمانتارانی دەمپارتی و گوتی: "تیرۆر و سیاسەتی مەدەنی لەگەڵ یەکدی ناگونجێن. تیرۆر و دیموکراسی لە پاڵ یەک نابن. هەروەها سیاسەتی رەوا و یاسایی بەو کەسانە ناکرێت کە پشت بەوانە دەبەستن کلاشینکۆفیان بە شانەوەیە و بۆمبیان بەدەستەوەیە. ئەوانەی بە هاتوهاوار لەناو پەرلەمان نمایش دەکەن و هەوڵی بێدەنگکردنی نوێنەرانی گەل دەدەن، وەبیریان دێنمەوە کە شارەوانییەکان موڵکی هیچ کەس نییە."
ئەردۆغان رووی دەمیکردە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن و هۆشداری پێدان کە "ئەگەر مەرجە ئۆپۆزیسیۆن کاردانەوەی هەبێت، ئەوە نەک بە رێکارە کارگێڕییەکان، بەڵکو دژ بە قەندیل دەبێ هەیبێت کە هەوڵی رووخانی شارەوانییەکان دەدەن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ