نەشتەرگەریی دڵ بۆ دەوڵەت باخچەلی کرا

06-02-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی تێکچوونی تەندروستیی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، ئەمڕۆ نەشتەرگەریی دڵی بۆ کرا. راگەیاندنی مەهەپە دەڵێت، نەشتەرگەرییەکە بە سەرکەوتوویی کرا و تەندروستیی جێگیرە. 
 
ئەمشەو، 6ـی شوباتی 2025، پارتی بزووتنەوەی میللـی (مەهەپە) لە تۆڕی ئێکس راگەیێندراوێکی نوێیان لەبارەی تەندروستیی دەوڵەت باخچەلی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، نەشتەرگەریی دڵی بۆ کراوە. 
 
لە راگەیێندراوەکە هاتووە، شەوی 4ـی شوبات، بۆ ئەنجامدانی پشکنینی تایبەت، دەوڵەت باخچەلی رەوانەی نەخۆشخانەی ئەنادۆڵ کرا لە ئەنقەرە. پزیشکەکانی بڕیاریاندا نەشتەرگەری دەرچەی خوێنبەر و خوێنهێنەری دڵی بۆ بکرێت. 10 ساڵ پێش ئێستا هەمان نەشتەرگەری بۆ کرابوو. 
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکە باس لەوەکراوە، ئەمشەو 6ـی مانگ، نەشتەرگەریی دەرچەی خوێنبەر و خوێنهێنەری دڵ بۆ دەوڵەت باخچەلی کرا. نەشتەرگەرییەکە سەرکەوتوو بوو. ئێستاش باری تەندروستیی زۆر باش و جێگیرە. لە نزیکترین کاتدا دوای تەواوکردنی رێکارە پزیشکییەکان، دەگەڕێتەوە سەر کار و، ئەرکی رۆژانەی رادەپەڕێنێت.    
 
شەوی رابردوو 5ـی مانگ، میدیای تورکیا بڵاویکردەوە، لە کاتی بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتەکەی، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە تەندروستیی تێکچووە و بەپەلە رەوانەی نەخۆشخانەیەکی تایبەت کراوە لە ئەنقەرە. 
 
ئیسماعیل ئۆزدەمیر، یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە، هەواڵی رەوانەکردنی دەوڵەت باخچەلی بۆ نەخۆشخانە پشتڕاستکردەوە، بەڵام رەتیکردەوە تەندروستیی تێکچووبێت و رایگەیاند، باخچەلی تووشی پەتای وەرزی بووە و بەهۆی بەردەوام کۆکینی، نەیتوانیوە درێژە بە کۆبوونەوەکە بدات. 
 
دواتر موراد چەلیکئەر، بەرپرسی نووسینگەی تایبەتی دەوڵەت باخچەلی، لە هەژماری فەرمیی مەهەپە لە تۆڕی ئێکس رایگەیاند، پشکنینێکی تاقیگە و نۆڕینی تایبەت بۆ سەرۆکمان دەوڵەت باخچەلی کراوە و دوای هەڵسەنگاندنی ئەنجامەکان، دووبارە دەگەڕێتەوە سەر ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی.
 
دەوڵەت باخچەلی تەمەن 77 ساڵ لە ساڵی 2023ـدا نەشتەرگەرییەکی دیکەی دڵی بۆ کرا و ساڵی 2024ـش بەهۆی بەردەوام نەخۆشکەوتنییەوە چەند جارێک لە کۆبوونەوەگرنگەکان ئامادە نەبوو.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی ئاگرکوژێنەوەیەک لەکاتێکدا هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکە دەدات، وێنە: AA

لە بورسە هۆتێلێک گڕدەگرێت

ئاگر لە هۆتێلێکی ناوچەی ئوڵوداغی پارێزگای بورسە کەوتەوە و هەوڵی کۆنترۆڵکردنی بەردەوامە. سەرۆکی گەورەشارەوانیی بورسە دەڵێت کەسێک گیانی لەدەستداوە.