رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، یەکێک لە بریندارەکانی هێرشەکەی ئەمڕۆی بەردەم دادگەی چاغڵایان لە ئیستەنبووڵ، کە کەسێکی سڤیلە، گیانی لەدەستداوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 6ی شوباتی 2024، لە بەردەم دادگەی چاغڵایان لە ئیستەنبووڵ بە چەک هێرش کرایە سەر خاڵێکی پشکنینی پۆلیس. لە هێرشەکەدا دوو هێرشبەر کوژران و شەش کەسیش بریندار بوون سیانیان پۆلیس بوون. ژمارەیەکی زۆر تیمی پۆلیس و پزیشکی رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران. بریندارەکان بە ئەمبوولانس گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانە. یەکێک لە بریندارەکان لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
چوونە ژوورەوە و دەرچوون لە دادگەکە راگیرا. شەعبان یڵماز، سەرۆکی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ و جێگرەکانی سەرۆکی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، ئەو دوو هێرشکارەی کە کوژراون یەکێکیان ژنە و ئەندامی رێکخراوی دەهاش-کاپەجە بوون، کە رێکخراوێكی چەپی تورکن.
وەزیری ناوخۆی تورکیا سەبارەت بە هێرشەکە گوتی، "ئەمڕۆ کاژێر 11:46 خولەک هێرشێکی تیرۆریستی کرایە سەر بازگەی پۆلیس لەبەردەم دادگەی چاغڵایان لە ئیستەنبووڵ. ژنێک و پیاوێک کە هێرشەکەیان کردووە، کوژراون. شەش کەس برینداربوون کە سیانیان پۆلیسن".
عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا لە پۆستێكی دیکەدا رایگەیاند، ئەو دوو کەسەی کوژراون ناویان "ئە. یە." و "پ. ب." بوون و سەلمێنراوە کە ئەندامی رێکخراوی دەهاش-کاپەجە بوون.
یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و رایگەیاند: "داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ لێکۆڵینەوەی سەبارەت بە هێرشەکە دەستپێکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ