رووداو دیجیتاڵ
سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە و سیاسەتڤانی کورد کە لە ساڵی 2016وە زیندانی کراوە، رۆژی سێشەممە 5ی کانوونی دووەمی 2023 لە دۆسیەیەکی دیکەدا لە دادگەی 14ی سزا قورسەکانی مێرسین دادگایی دەکرێت.
سەڵاحەدین دەمیرتاش بە تۆمەتی "سووکایەتی بە دامودەزگا و دەزگا فەرمییەکانی حکومەت و دەوڵەت" لە گوتارەکانی لە ساڵانی 2015 و 2016دا سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە و داوای 20 ساڵ زیندانیکردنی بۆ دەکرێت.
بڕیارە دەمیرتاش لە رێگەی سیستمی دەنگ و رەنگ بەشداریی دانیشتنی دۆسیەکە بکات و لەبارەی ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵی بەرگری لە خۆی بکات.
لەو دۆسیەیەدا 10 فایلی جیاوازی پەیوەست بە سەڵاحەدین دەمیرتاش کۆکراونەتەوە و داوای 20 ساڵ زیندانی بۆ دەمیرتاش دەکرێت.
چاوەڕوان دەکرێت لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا دادگە بڕیاری کۆتایی لەبارەی دۆسیەکە بدات.
سەڵاحەدین دەمیرتاش لە ساڵی 2016وە لە چوارچێوەی دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانی بە تۆمەتی "تیرۆر" لە زیندانی ئەدیرنە بەند کراوە، سەرەڕای ئەوەی "دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپا" چەندین جار داوای ئازادکردنی کردووە.
لەبارەی سەڵاحەدین دەمیرتاشەوە
- لە نیسانی 1973 لە شارۆچکەی پاڵو سەر بە خارپێتی باکووری کوردستان لەدایکبووە
- بەکالۆریۆسی لە بەشی یاسای زانکۆی ئەنقەرە بەدەستهێناوە
- ماوەیەک پارێزەر بووە
- ساڵی 2014 بە هاوسەرۆکی هەدەپە هەڵبژێردرا
- لە تشرینی دووەمی 2016 خرایە زیندانەوە
- خێزاندارە و باوکی دوو منداڵە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ