سوێد دەڵێت هەموو داواکارییەکانیان بۆ ئەندامبوون لە ناتۆ جێبەجێ کردووە؛ تورکیا هێشتا رازی نەبووە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەتان کەس لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد بە بەرزکردنەوەی ئاڵای پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە و گوتنەوەی درووشمی "نا بۆ یاسای ئەردۆغان لە سوێد" و "نا بۆ ئەندامبوونی سوێد لە ناتۆ" خۆپێشاندانیان کرد.
 
خۆپێشاندانەکەی ستۆکهۆڵم هاوکات بوو لەگەڵ کۆبوونەوەی یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە ئیستەنبووڵ.
 
یانس ستۆڵتنبێرگ لە تورکیا ماوەتەوە بۆئەوەی بە ئەردۆغان بڵێت، سوێد سەرجەم داواکارییەکانی ئەنقەرەی جێبەجێ کردووە و تورکیا داوای بەئەندامبوونی وڵاتەکە لە ناتۆ ڤیتۆ نەکات.
 
سکرتێری گشتیی ناتۆ رایگەیاند، "سوێد هەنگاوی تۆکمەی گرنگی ناوە بۆ رەواندنەوەی نیگەرانییەکانی تورکیا. لەنێویاندا هەموارکردنەوەی دەستووری سوێد، کۆتاییهێنان بە گەمارۆی چەک و بەرەوپێشبردنی هاریکاریی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، لەنێویاندا لە دژی پەکەکە. یاسایەکی گرنگی تیرۆر چەند رۆژێک لەمەوبەر چووەتە واری جێبەجێکردنەوە."
 
هەر جارێک تورکیا ئەم جۆرە خۆپێشاندانانە دەبینێت، جارێکی دیکە بیردەکاتەوە بەرلەوەی گڵۆپی سەوز بۆ سوێد هەڵبکات. بە گوتەی ستۆڵتنبێرگ، کۆتایی 2023 سوێد بۆ بەجێهێنانی تەواوی داخوازییەکانی تورکیا هەنگاوی گەورە دەهاوێژێت.
 
یانس ستۆڵتنبێرگ دەڵێت، "دەبێت لەبیرمان بێت ئەم خۆپێشاندانانە بۆ دەکرێن، رێکخەران دەیانەوێت پەیوەندیی سوێد بە ناتۆ بوەستێنن، دەیانەوێت رێگری لە هاریکاریی سوێد لەگەڵ تورکیا دەربارەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بکەن. نابێت رێگە بدەین سەرکەوتوو بن."
 
ئەردۆغان و ستۆڵتنبێرگ لە کۆبوونەوەکەیاندا دەربارەی سوێد هیچ رێککەوتنێکیان رانەگەیاند و بڕیارە لە 12ی حوزەیران جارێکی دیکە لەسەر پرسە هەڵپەسێردراوەکان کۆببنەوە.