رووداو دیجیتاڵ
پارتی گەلی کۆماری جەهەپە بۆ دووەمینجار ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو سەرۆکی ئێستای گەورەشارەوانی ئیستەنبووڵی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا ناساند، کە 31ـی ئاداری ئەم ساڵ بەڕێوەدەچیت.
ئەمڕۆ هەینی، لە رێوڕەسمێکدا لە ئیستەنبووڵ، کە بۆ ناساندنی بەربژێرانی شارەوانیی جەهەپە بەڕێوەچوو، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو بە فەرمی وەک بەربژێری جەهەپە بۆ گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ ناسێندرا.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتتی جەهەپە رایگەیاند، ئەوان گرنگی بەوە ناوە نادەن کە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی بۆ گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ کێ رایدەگەیێنێت و گوتی، "ئێمەش دژی ناوەکان نین. ئەوەی ئێمە دژین، تێپەڕاندنی ئیرادەی شارێکە و پێشکەشکردنی سەروەت و سامانی ئەو شارەیە بە دەوڵەتمەدار و شێخ و ئەمیرەکانی بیانی، لەکاتێکدا دەکرێت بە ئیرادەی یەک کەس خزمەت بەو شارە بکرێت."
سەرۆکی جەهەپە ئاماژەی بەوەدا، "گرنگ نییە سەر بە چ حیزبێک بیت. ئەو شارەدارانەی ئێمە کە خزمەتی ئیستەنبووڵ دەکەن، بەرپرسیارێتیی شارێکی جوانیان پێسپێردراوە؛ ئێمە ناڕەزایی ئەوەمان هەیە، کە نەک بە ئیرادەی ئیستەنبووڵیەکان، بەڵکو بە ئیرادەی تاکە پیاوێک بەڕێوەبچێت".
ئۆزگور ئۆزەل، بانگهێشتی ئەکرەم ئیمامئۆغڵوی کرد بۆ سەر ستەیج و گوتی، "لێرە بە ئامادەبوونی هەمووتان و بە رەزامەندی بەرزی ئیستەنبووڵییەکان، ئیمامئۆغڵو بانگهێشت دەکەم، کە بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیکە حوکمڕانی ئیستەنبووڵ دەکات".
لە دوایین هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان کە ساڵی 2019 بەڕێوەچوو، پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە لە دەرەوەی هاوپەیمانی هەڵبژاردن، پاڵپشتی لە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو بەربژێری جەهەپە کرد و بە دەنگی دەنگدەری کورد دوای 20 ساڵ لە بەڕێوەبردنی لەلایەن ئاکپارتیەوە، جەهەپە گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵی بردەوە.
هەرچەندە ئامادەکاری پارتەکان بۆ هەڵبژاردنەکەی 31ـی ئاداری ئەم ساڵ دەستیپێکردووە، بەڵام تائێستا بێجگە لە هاوپەیمانی جمهووری ئاکپارتی و مەهەپە کە لە 2018ـەوە کراوە، هیچ هاوپەیمانییەکی دیکە رانەگەیێندراوە.
ئەحمەد یەنەر، سەرۆکی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا رۆژی سێشەممە 2ی کانوونی دووەمی 2023 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە ئەنقەرە رایگەیاند، لە 1ی کانوونی دووەمەوە ساڵنامەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دەستیپێکردووە و 36 پارتی سیاسی مافی بەشداریکردنیان لەو هەڵبژاردنەدا هەیە.
دیارترین ئەو پارتە کوردییانەی دەتوانن بەشداریی لە هەڵبژاردنەکەدا بکەن، هەر یەک لە پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان-دەم پارتی، پارتی دۆزی ئازاد-هوداپار و پارتی ماف و ئازادییەکان - هاکپارن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ