پەرلەمانتارێکی جەهەپە لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورك دەستگیر کرا

رووداو - ئیستەنبوڵ

بە بڕیاری داواکاریی گشتیی، پەرلەمانتارێکی پارتی گەلیی کۆماریی تورکیا (جەهەپە)، کە پارێزبەندییەکەی هەڵگیراوە، لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک لە ئیستەنبوڵ دەستگیر کرا.

ئەرەن ئەردەم، پەرلەمانتاری جەهەپە، کە یەکێک بوو لەو پەرلەمانتارانەی بە پێچەوانەی پارتەکەیەوە دژی هەڵگرتنی پارێزبەندی پەرلەمانتاران بوو، لە فڕۆکەخانەی ئیستەنبوڵەوە رایگەیاند، لەناو فڕۆکە دابەزێنراوە و رێگەی پێنەدراوە گەشت بکات.

لەڕێگەی پێگەی خۆیەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی توویتەر، ئەردەم رایگەیاند، لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک دەستبەسەرکراوە و گوتیشی "بەبێ ئەوەی بڕیاری قەدەخەی گەشتم لەسەر بێت، لە فڕۆکە دابەزێنرام و رێگە لە گەشتەکەم گیرا".

ئەردەم دوای دەستگیركردنی ئازادکراوە، بەڵام رێگەی پێنەدراوە گەشتەکەی بۆ دەرەوەی توركیا ئەنجامبدات.