ئۆجەلان لە پەرلەمانی تورکیادا: زمانی ئێمە زمانێکی نەناسراو نییە
رووداو دیجیتاڵ
عومەر ئۆجەلان، پەرلەمانتاری رووهای هەدەپە لەنێو پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، زمانی کوردی زمانێکی نەناسراو نییە، بەڵکو زمانێکی کۆنە لەم جیهانەدا. دەشڵێت، "بە زمانەکەمانەوە سەربەرزین و لە هەرشوێنێک بین دەیپارێزین."
عومەر ئۆجەلان، پەرلەمانتاری رووهای هەدەپە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 03-11-2022، لەنێو پەرلەمانی تورکیا رەخنەی لە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە گرت کە رێگری لە زمانی کوردی دەکەن و نموونەی بە وڵاتی سویسرا هێنایەوە و رایگەیاند، لە دەستووری کۆنفیدراڵیی سویسرا چوار زمانی فەرمی هەن و هەفتەی رابردووش لەسەر داوای چەند دامەزراوەیەک، زمانی کوردی زیاد کرا.
پەرلەمانتارەکەی هەدەپە لەسەر ئەو بابەتە زیاتر قسەی کرد گوتی، پەرلەمانی بێرن-ی سویسرا زانیارییەکان و راگەیێندراوەکان بە 12 زمان بڵاودەکاتەوە. دواتر پرسیارێکی رووبەڕووی پەرلەمانتاران و دەسەڵاتدارانی تورکیا کردەوە و گوتی، ئەی لە پەرلەمانی تورکیا چی بە زمانی ملیۆنان کەس (زمانی کوردی) دەگوترێت؟، زمانی نەناسراو یان زمانی X؟.
عومەر ئۆجەلان لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەش کرد کە لە تورکیا "بەبیانووی دابەشبوون، هزری دژایەتیکردنی کورد و زمانی کوردی بە دامەزراوەیی کراوە. دەکرێت لەم پەرلەمانەشدا بە زمانی کوردی قسە بکرێت و لە رێڕەوەکانی پەرلەماندا زمانی کوردی بۆ ئاگاداری و روونکردنەوەکان بەکاربێت."
ئەو پەرلەمانتارەی رووهای هەدەپە دواتر بە زمانی کوردی "سڵاوی بۆ هەموو گەلی کورد" نارد و رایگەیاند، ئەم زمانە زمانێکی نەناسراو نییە، بەڵکو زمانێکی کۆنی دیرۆکییە و "ئێمە بەم زمانەوە سەربەرزین و لە هەرشوێنێک بین زمانەکەمان دەپارێزین، ئەم زمانە هەر پێشدەکەوێ و دەیپارێزین، زمانی ئێمە x نییە، کوردییە."
دەقی قسەکانی عومەر ئۆجەلان، پەرلەمانتاری رووهای هەدەپە لەنێو پەرلەمانی تورکیا:
لە دەستووری فیدرالیی سەر بە کۆنفیدراسیۆنی سویسرا چوار زمانی فەرمی هەیە کە بریتین لە ئەڵمانی، فەرەنسی، ئیتاڵی و رۆمانی. هەر کانتۆنێک یاسای تایبەتی نێوخۆیی هەیە. پەرلەمانی بێرن-ی سویسرا زانیارییەکان و راگەیێندراوەکان بە 12 زمان بڵاودەکاتەوە. هەفتەی رابردوو لەسەر داوای چەند دامەزراوەیەک، زمانێکی نوێ زیاد کرا. ئەم زمانە کوردی پێ دەگوترێت. لە پەرلەمانی کانتۆنی بێرن زمانی کوردی یەکێکە لەو زمانانەی بۆ هەموو راگەیێندراوەکان بەکاردەهێندرێت. لێرە چی دەنووسرێت؟ لە پەرلەمانی تورکیا بە زمانی ملیۆنان کەس چ دەگوترێت؟ زمانی نەناسراو یان زمانی X. سویسرا دابەش نەکراوە، بەڵام لێرە بەبیانووی دابەشبوون، هزری دژایەتیکردنی کورد و زمانی کوردی بەدامەزراوەیی کراوە. دەکرێ لەم پەرلەمانەشدا بە زمانی کوردی قسە بکرێت و لە رێڕەوەکانی پەرلەماندا زمانی کوردی بۆ ئاگاداری و روونکردنەوەکان بەکاربێت. ئەم رەفتارە هۆکار دەبێت بۆ بەهادارکردنی زیاتری هەستی مرۆیی. لێرە بە رێزەوە سڵاو لە هەموو گەلی خۆم دەکەم، زمانی ئێمە زمانێکی نەناسراو نییە، زمانێکی کۆنی دیرۆکییە و ئێمە بە زمانی خۆمانەوە سەربەرزین و، لە هەرشوێنێک بین زمانەکەمان دەپارێزین، ئەم زمانە هەر پێشدەکەوێ و دەیپارێزین، زمانی ئێمە x نییە، کوردییە.