تەقینەوەیەک لە كارگه‌یه‌كی یاریی ئاگرین لە تورکیا روویدا

 
 
رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای ساکاریای تورکیا له‌ كارگه‌یه‌كی یاریی ئاگریندا تەقینەوەیەک روویدا و بەوهۆیەوە چوار  کەس گیانیان لەدەستدا و 97ی دیکەش برینداربوون. 
 
ئەو گارگەیەی تەقینەوەکە تێیدا روویداوە لە ناوچەی یوكاریچاڵجای سەر بە شارۆچكه‌ی هه‌نده‌كە و تاوەکو ئێستا هۆکاری تەقینەوەکە دیار نییە. 
 
چەتین ئۆکتای، پارێزگاری ساکاریا رایگەیاند، بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان لە تەقینەوەکەدا چوار کەس گیانیان لەدەستدا و 97ی دیکەش برینداربوون و بۆ نەخۆشخانە گوازراونەتەوە. 
 
سلێمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆ و فەخرەدین کۆجا، وەزیری تەندروستیی تورکیا لە ئاسمانەوە چاودێریی ئەو ناوچەیەیان کرد کە تەقینەوەکە تێیدا روویداوە.
 
فەخرەدین کۆجا، وەزیری تەندروستی رایگەیاند، 85 ئامبۆڵانس، دوو ئامبۆڵانسی هەلیکۆپتەر و 11 تیمی فریاکەوتن لە شوێنی رووداوەکەن.
 
کاربەدەستانی تورکیا رایانگەیاند لە کارگەکەدا نزیکەی 200 کرێکار هەبوون. 
 
هەروەها ئاژانسێکی هەواڵیی سەر بە پارتیی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئاماژە بەوە دەکات، رێکخراوێک بە ناوی "نەوەکانی ئاگر" کارگەیەکی گەورەی دروستکردنی فیشەکی ئاگرینی لە ناوچەی هەندەک لە شاری ساکاریا تەقاندووەتەوە.
 
بە گوێرەی هەواڵی ئەو ئاژانسەی سەر بە پەکەکە کارگەکە بە تەواوی سووتاوە و دەنگی تەقینەوەی کارگەکە لە دووریی زیاتر لە 50 کیلۆمەترەوە بیستراوە.