رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) سەرکۆنەی دانانی قەیوم بۆ شارەوانیی جۆلەمێرگ و دەستگیرکردنی سەرۆکەکەی دەکات و دەڵێت، "هەڵەیە" و "خستنە ژێرپێی ئیرادەی خەڵکی جۆلەمێرگە."
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 3ی حوزەیرانی 2024 ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێکس، پەیامێکی لەبارەی دەستگیرکردنی محەممەد سدیق ئاکش، سەرۆکی شارەوانیی جۆلەمێرگ و دانانی قەیوم لە شوێنەکەی بڵاوکردەوە.
ئۆزگور ئۆزەل نووسیویەتی، "بەیانیی ئەمڕۆ هێزە ئەمنییەکان لە ئۆپەراسیۆنێکدا هەڵیانکوتایە سەر بارەگای شارەوانیی هەکاری. سەرۆک شارەوانییەکەشیان بە پاساوی کۆتایی نەهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنی، کە 10 ساڵە بەردەوامە، دەستگیر کرد و دواتر قەیومیان بەسەر شارەوانییەکەدا سەپاند."
ئۆزەل پێیوایە، "ئەم رەفتارەی دەسەڵات هەڵەیە. خستنە ژێرپێی ئیرادەی دوو مانگی خەڵکی هەکارییە". داوای لە دەسەڵات کرد، بە زووترین کات لەو بڕیارەی پاشگەز ببێتەوە.
سەرۆکی جەهەپە هەر لە ئێکسەکەیدا نووسیویەتی، "لەگەڵ دیموکراسی و ئیرادەی گەلین، لە دژی هزری قەیومین."
محەممەد سدیق ئاکش، سەرۆکی شارەوانیی جۆلەمێرگ بەیانیی ئەمڕۆ 03-06-2024 لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکدا لە پارێزگای وان دەستبەسەر کرا و دواتر "لەسەرکار لادرا."
بەگوێرەی راگەیێندراوێک کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە بڵاوکرایەوە، محەممەد سدیق ئاکش لە رێکخستنی کارگێڕیی پەکەکە/کەجەکەدا پێگەیەکی باڵای هەیە و بەناوی پەکەکەوە لێپرسینەوەی لەگەڵ خەڵکدا کردووە و باجی کۆکردووەتەوە؛ هەروەها چالاکیی وەکو رێپێوانی نایاسایی و پرسەی بۆ گەریلاکانی پەکەکە رێکخستووە، گوشاری خستووەتە سەر رای گشتی و کاسبکاران بۆ بەشداریکردن لە چالاکییەکانیاندا.
وەزارەتەکە دەڵێت، لێکۆڵینەوەیەکی بەردەوام لەسەر کەیسی سەرۆکی شارەوانی جۆلەمێرگ هەیە کە لەلایەن سەرۆکی داواکاری گشتی جۆلەمێرگ بۆی کراوەتەوە، بە تۆمەتی ئەندامبوون لە "رێکخراوێکی تیرۆریستیی چەکدار" و لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوەیەدا دەستبەسەر کراوە.
پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)، ئەمڕۆ دووشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو هێزەکانی پۆلیس باڵەخانەی شارەوانیی جۆلەمێرگیان گەمارۆداوە و بەیانی ئەمڕۆش بە زۆر چوونەتە نێو باڵەخانەکەوە.
دەم پارتی رایگەیاند، محەممەد سدیق ئاکش، سەرۆکی شارەوانیی جۆلەمێرگیش لە وان دەستبەسەرکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ