لە ئەرزەڕۆم تەرمی گەنجێک لەنێو ئۆتۆمبێلێکدا دۆزرایەوە

رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای ئەرزەڕۆمی باکووری کوردستان، تەرمی گەنجێکی تەمەن 27 ساڵ لە نێو ئۆتۆمبێلێکدا دۆزرایەوە، کە گوللـە بە سەری کەوتووە. 
 
تەرمی گەنجەکە ئەمڕۆ (چوارشەممە، دووی تشرینی یەکەمی 2024) لە نزیک گوندی سۆیوتیانی لەسەر رێگەی ئەرزەڕۆم - ئارتڤینی تورکیا دۆزرایەوە.
 
چەند هاووڵاتییەک تەرمی گەنجەکەیان لە نێو ئۆتۆمبێلەکەدا بینیوە کە لە قەراخ رێگە راگیرابوو. دەستبەجێ لایەنە پەیوەندیدارەکانیان ئاگادار کردەوە و تیمەکانی تەندروستی و جەندرمە گەیشتنە شوێنی رووداوەکە. 
 
دوای پشکنینی تەرمەکە، دەرکەوت ئەو کەسەی کوژراوە، ناوی تەیموور تورانە و تەمەنی 27 ساڵە، گوللەیەک بە سەری کەوتووە. تەرمی تەیموور گوازرایەوە دادپزیشکیی ئەرزەڕۆم.
 
بەپێی زانیارییەکان، ئۆتۆمبێلەکە هی توران نییە و ئۆتۆمبێلێکی کرێیە، جامی پێشەوەی ئۆتۆمبێلەکە شکاوە.