راپرسییەک: ئەردۆغان لەنێو گەنجانی تورکیادا دڵخوازترینە

02-02-2025
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ناوەندی ئۆ ئاڕ سی بۆ توێژینەوەی سیاسی و راپرسییەکان، ئەنجامی دوایین راپرسیی تایبەت بە سەرکردە دڵخوازەکان لەلایەن گەنجانی باکووری کوردستان و تورکیا بڵاوکردەوە. ئەردۆغان زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە. 
 
ناوەندی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ توێژینەوەی سیاسی و راپرسییەکان (ORC) لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، لە رۆژانی 25-30ـی کانوونی دووەمی 2025، بەشێوەیەکی راستەوخۆ راپرسییان لە 4 هەزار و 320 کەس لە 35 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان کردووە. 
 
ناوەندەکە پرسیویێتی "سەرکردە دڵخوازەکانتان کێن؟
 
بەپێی راپرسییەکە، 41.7٪ـی بەشداربووان رایانگەیاندووە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دڵخوازترین سەرکردەیانە؛ 37.9٪ـی بەشداربووان ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپەیان هەڵبژاردووە؛ دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بە رێژەی 26.2٪ لە ریزبەندی سێیەم؛ فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی سەرلەنوێ رەفاهـ بە رێژەی 19.4٪ لە پلەی چوارەم و ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئاییندە بە رێژەی 13.7٪ لە ریزبەندیی پێنجەم دا هاتووە. 
 
راپرسییەکە دەریدەخات؛ ئومیت ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی زافەر بە رێژەی 12.8٪ لە ریزبەندی شەشەم دڵخوازترین سەرکردەی تورکیا دێت؛ موساڤات دەرویشئۆغڵو، سەرۆکی ئیی پارتی بە رێژەی 11.9٪ لە ریزبەندی حەوتەم؛ تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی بە رێژەی 11.5٪ لە ریزبەندی هەشتەم؛ مستەفا دەستەجی، سەرۆکی پارتی یەکگرتووی مەزن بە رێژەی 8.5٪ لە ریزبەندی نۆیەم و تێیۆمان موتڵو، سەرۆکی پارتی میللی و خۆماڵی بە رێژەی 7.4٪ لە ریزبەندی دەیەم دڵخوازترین سەرکردەی تورکیا دێت. 

 

بەپێی راپۆرتی دامەزراوەی ئاماری تورکیا، لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پەرلەمانی تورکیا کە لە 14ـی ئایاری 2023 کرا، لە کۆی 64 ملیۆن و 191 هەزار و 285 دەنگدەر، رێژەی گەنجان 52.44٪ بوو.

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە