ئەمڕۆ دانیشتنەکانی پەرلەمانی تورکیا دەستپێدەکەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
دوای دوو مانگ پشوو، ئەمڕۆ خولی نوێی پەرلەمانی تورکیا دەستپێدەکات. کارنامە سەرەکییەکانی پەرلەمان بریتین لە گفتوگۆکردن لەسەر یاسای پیشەیی مامۆستایان و پاکێجی نۆ ـی دادوەری.
کاژێر 15:00ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ (سێشەممە، یەکی تشرینی یەکەمی 2024) بە سەرۆکایەتیی نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، خولی 28ـی پەرلەمانی تورکیا دەستپێدەکات.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمار بەشداری لە سەرەتای خولی نوێی پەرلەمانی تورکیادا دەکات و گوتارێکیش پێشکێش دەکات.
لەگەڵ کردنەوەی خولی نوێی پەرلەمان، یاسای پیشەیی مامۆستایان و پاکێجی نۆی دادوەری تاوتوێ دەکرێن و لە چەند رۆژی داهاتوودا دەخرێنە دەنگدانەوە.
حکومەت دەیەوێت بە پاکێجی نۆی دادوەری هەندێک گۆڕانکاری لە سیستەمی دادوەریدا بکات، بەڵام ئۆپۆزیسیۆن بە تووندی رەخنە لە پاکێجەکانی دەگرێت و دەڵێن ناوەڕۆکەکەی بەتاڵە.
وەزری پشووی پەرلەمانی تورکیا لە 1ـی تەمموزەوە دەستپێدەکات، بەڵام بەهۆی چەند پرۆژەیاسایەک کە لە پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر دەکرا، پشووەکە بۆ یەکی ئاب دواخرابوو.